چالاکێکی سیاسیی کورد گوازرایە ژووری تاکەکەسی

15:03 - 6 رەشەمه 2716
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی گرتووخانەی کرمان گوشاریان بۆسەر کچە لاوێکی خەڵکی کوردستان زیاتر کردووە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ٤ی ڕەشەممە، سوهەیلا مینایی کچی شەریف بۆ ماوەی یەک حەتوو گوازرایەوە بۆ ژووری تاکەکەسی گرتووخانەی ناوەندیی شار کرمان.

ئەو چالاکە سیاسییە، چەند ڕۆژ لەمەوبەر داوای لە بەرپرسانی گرتووخانە کردبوو کە بۆ خوێندنەوە و وەرگرتنی کتێب، سەردانی پەرتووکخانە بکات.

سەرچاوەیەکی ئاگادار، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە، بە کوردپای وت: سوهەیلا لەلایەن لێپرسراوی بەند و حەراسەتی گرتووخانەوە سکاڵای ئەوەی لێکراوە کە گۆیا بێ ڕێزی و سووکایەتی بە ڕێبەر و پێئەسپێردراوی دەوڵەت کردووە.

لە درێژەدا باس لەوە کراوە کە ئەفرادی ئەمنییەتی زیندان بە شێوەی جۆراوجۆر خەریکی گوشار خستنەسەر سوهەیلان و لە بەشی زۆری مافەکانی زیندانییەکی سیاسی بێبەش کراوە.

لە ئێستادا ئەم کچە تەمەن ٢٧ ساڵەیە لە ژووری تاکەکەسی گرتووخانەی کرمان ڕاگیراوە و پێیان ڕاگەیاندووە کە بۆ ماوەی یەک حەوتوو لە دەستبەسەریدا دەبێت.

گەلاوێژی ساڵی ٩٤ سوهەیلا مینایی لە شاری دیواندەرە دەستبەسەر و دواتر لە دادگای شۆڕش، سزای سێ ساڵ و یەک مانگ زیندانی بۆ بڕایەوە و بۆ گرتووخانەی کرمان دوورخرایەوە.

ئامارەکان باس لە بوونی ١٦ ژن و کچی کورد لە گرتووخانەکانی ئێران دەکەن کە تاوانی سیاسی ـ ئەمنییەتییان وەپاڵ دراوە.

لینکی پێوەندیدار:
ئێران/ دۆخی ژنانی کوردی زیندانی گەلێک لەوانی‌تر خراپترە