چالاکێکی سیاسیی کوردی خەڵکی بۆکان چوونە دەرەوە لەوڵاتی لێ قەدەغە کرا

14:59 - 10 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: چالاکی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری بۆکان بە بڕیاری وەزارەتی ئیتلاعات، ئیزنی چوونە دەرەوە لەوڵاتی ئێرانی پێ نەدرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، رەزا شەریفی چالاکی سیاسیی کورد کە ٣ مانگ پێش ئێستا لە زیندان ئازاد کرا، پاش ئەوەی لە رۆژانی رابردوودا سەردانی ئیدارەی گوزەرنامەی کردووە، پێی راگەیەندراوە کە مافی چوونە دەرەوە لەوڵاتی نییە.

\"17121.jpg\"
رەزا شەریفی بۆکانی چالاکی سیاسیی کورد پاش ئەوەی لە رۆژانی رابردوودا سەردانی ئیدارەی گوزەرنامەی کردووە، پێی راگەیەندراوە کە مافی چوونە دەرەوە لەوڵاتی نییە
سەرچاوەکە گوتیشی، ئەو چالاکە سیاسییە بە مەبەستی وەرگرتنی پاسپۆرت سەردانی ئیدارەی گوزەرنامەی کردبوو، بەڵام ئیدارەی ناوبراو بە بڕیاری وەزارەتی ئیتلاعات لە دانی پاسپۆرت بەو چالاکە سیاسیە کوردە خۆی بواردووە.

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەش کرد کە رەزا شەریفی بۆکانی، ناڕەزایەتی بەو مەسەلەیە دەربڕیوە و لەو پەیوەندییەدا نامەیەکی بۆ حەسەن رۆحانی سەرکۆماری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ناردووە.

رەزا شەریفی بۆکانی چالاکی سیاسیی کورد کۆتایی مانگی رەزبەری ئەمساڵیش بانگهێشتی بەشی ئیجرای ئەحکامی دادگای شاری بۆکان کراو پێی راگەیاندرابوو لە ئەگەری بەردەوام بوون لەسەر چالاکییە سیاسییەکانی، پەروەندە پێشووەکەی دەکەوێتەوە گەڕ و دادگای دەکرێتەوە.

رەزا شەریفی بۆکانی پاش ٣ ساڵ زیندانی کران سەرئەنجام رۆژی ٢٢ی مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج ئازاد کرا.