چالاکێکی دەسبەسەرکراوی کورد لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە

14:27 - 28 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی مەدەنیی کورد، خەڵکی شاری سنە لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە لە دەسڕاگەیشتن بە تەلەفوون و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"سەحەر کازمی\"، چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری سنە کە ڕۆژی ١٨ی گەلاوێژ لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارەوە دەسبەسەر کرابوو، هەتا ئێستا لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتدایە.

\"\"نگیسا شەهبازی
یەکێک لە نزیکانی ئەو چالاکە مەدەنییە بە هەواڵنێری کوردپا لە شاری سنەی ڕایگەیاند: هێزە ئیتلاعاتییەکان بە بنەماڵەی ئەو چالاکە مەدەنییەیان ڕاگەیاندووە، لێکۆڵینەوەکان لە ناوبراو بەردەوامە و هەتا کاتی تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان ئازاد ناکرێت.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: سەحەر کازمی لەم گرتووخانەیەدا، لە دەسڕاگەیشتن بە تەلەفوون و چاوپێکەوتن لە گەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە.

لە لایەکی دیکەوە، سەرەڕای تێپەڕین بە سەر دەسبەسەر کرانی \"نگیسا شەهبازی\"، چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری ئیلام، لە مەڕ چارەنووسی ناوبراو هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هەتا ئێستا بنەماڵەی شەهبازی سەرەڕای بەدواداچوونەکان بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کچەکەیان لە ناوەندە ئیتلاعاتییەکان و دادگای شاری ئیلام ، نەیانتوانیووە زانیارییەک لە مەڕ چارەنووسی کچەکەیان بەدەست بهێنن.