چالاکێکی دیکەی کرێکاری لە سنە دەستبەسەر کرا

13:30 - 21 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە درێژەی رەوتی دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییانی کورددا، چالاکێکی دیکەی کرێکارییان لە شاری سنە دەستبەسەر کرد.

رۆژی یەکشەممە رێكەوتی ٢٠ی رەشەممە هاووڵاتییەک بەناوی \"شەریف ساعدپەنا\" یەکێک لە چالاکانی کرێکاری و ئەندامی یەکییەتیی ئازادی کرێکارانی ئێران، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارەوە لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر کرا.

ماڵپەڕی یەکیەتی ئازادی کرێکارانی ئێران بڵاوی کردەوە، هێزە ئیتلاعاتییەکان وێڕای پشکنینی ماڵی ئەو چالاکە کرێکارییە، دەستیان بەسەر کەیسی کۆمپیوتێری ناوبراویشدا گرتووە.

\"11488.jpg\"
شەریف ساعدپەنا
ئەو چالاکە کرێکارییە لە رێکەتی ١٥ی بەفرانباری ساڵی رابردووشدا هاوڕێ لەگەڵ \"موزەفەر ساڵح نیا\" یەکێکی دیکە لە چالاکانی کرێکاریی شاری سنە دەستبەسەر کرابوو.

هەروەها چەند رۆژ پێش ئیستا ٥ کەس لە ئەندامانی کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ دامەزراندنی رێکخراوە کرێکارییەکان بەناوەکانی \"وەفا قادری، سەید خالید حوسێنی، بێهزاد فەرەجوڵاهی، عەلی ئازادی و حامید مەحموود نژاد\" لە شاری سنە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کران.