چالاکێکی دیکەی کرێکاریی لە شاری کامیاران، بە مەبەستی جێبەجێکردنی حوکمەکەیان ڕەوانەی زیندان کرا

13:33 - 29 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی دیکەی کرێکاریی لە شاری کامیاران، پاش بانگهێشت لە لایەن دادگاوە، ڕەوانەی زیندان کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو به ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٨ی سەرماوەز، \"شاهۆ سادقی\"، چالاکی کرێکاریی خەڵکی شاری کامیاران، پاش بانگهێشت لە لایەن دادگاوە، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندان کرا.

سەرماوەزی ئەمساڵیش، حوکمی دوو ساڵ و ١٨٨ ڕۆژ زیندانی، بۆ ئەم چالاکە کرێکارییە و ٥ چالاکی کرێکاریی دیکە، به ناوەکانی \"مێهرداد سەبووری\"، \"دڵنیا سەبووری\"، \"ئومید ئەحمەدی\"، \"شاهۆ سادقی\" و \"ڕۆژین ئیبراهیمی\"، لە لایەن لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی سنە پەسەند کراوە.

دەزگای قەزاییی حکوومەتی ئێران، ئەم شەش چالاکە کرێکارییەی به بۆنەی بەڕێوەبردن و بەشداریی لە مەراسمی ڕۆژی جیهانیی کرێکار، تاوانبار کردبوو.

ئەم شەش چالاکە کرێکارییە، ڕۆژی پێنجشەممە، ٣٠ی گوڵانی ١٣٩٥، بە تاوانی \"بەڕێوەبردن و بەشداریی لە مەراسمی ڕۆژی جیهانیی کرێکار و پڕوپاگەندە دژی نیزام\"، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کامیارانەوە دەسبەسەر کرابوون، پاش یەک حەوتوو بە دانانی بارمته به شێوەی کاتی ئازاد کرابوون.

سزای دیاریکراو بۆ ئەم شەش چالاکە کرێکارییە به ڕیزەوە بەم شێوە ڕاگەیەندراوە:

١ـ مێهرداد سەبووری: یەک ساڵ زیندانی تەعزیری
٢ـ ئومید ئەحمەدی: یەک ساڵ زیندانی تەعزیری
٣ـ ئارام محەممەدی، ٩١ ڕۆژ زیندانی تەعزیزی
٤ـ شاهۆ سادقی: ٩١ ڕۆژ زیندانی تەعزیری
٥ـ دڵنیا سەبووری: حوکمەکەی لە ساڵێکەوە بۆ سێ ڕۆژ کەم کراوەتەوە.
٦_ڕۆژین ئیبراهیمی: حوکمەکەی لە یەک ساڵ بۆ سێ ڕۆژ کەم کرایەوە.