چالاکێکی خوێندکاری لە کوردستان گیانی لە دەست دا

13:51 - 14 بەفرانبار 2716
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی خویندکاری کورد لە شاری ئیلام بە هۆی جەلتەی دڵەوە کۆچی دوایی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممەی ڕابردوو١١ بەفرانبار، یوونس فاروقی ناسراو بە \"هەڵگورد\" کوڕی ئەنوەر خوێندکاری دوکتورای کامپیوتێر لە زانستگای سنعەتی شەریف گیانی لە دەست دا.

ناوبراو خەڵکی مەلکشای ئیلام و دانیشتووی شاری سەرئاوڵە بووە.

ئەو چالاکە خوێندکارییە یەکێک لە چالاکانی ناسراوی بزووتنەوەی خوێندکاریی کوردستان بە ئەژمار دەهات.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری ئیلام ڕایگەیاند: هەڵگورد تەمەن ٣٠ ساڵ تاقانەی بنەماڵەکەی بووە و بە هۆی جەڵتەی دڵەوە شەممەی ڕابردوو کۆچی دوایی کردووە.

هەڵگورد یەکێک لە مامۆستا دواناوەندییەکانی شاری سەرئاوڵە لە پارێزگای ئیلام بووە.

سەبارەت بە چالاکییە خوێندکارییەکانی هەڵگورد، یەکێک لە هاورێکانی ناوبراو بە ئاژانسی کوردپا ڕاگەیاند: هەڵگورد ڕۆڵێکی گرینگی لە وەرێخستنی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی خوێندکارانی کورد لە شاری تاران گێڕاوە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، هەڵگورد لە ڕشتەی خوێندنی خۆی بە یەکێک لە بژاردەکانی پارێزگای ئیلام بە ئەژمار دەهات.