چالاکێکی خوێندکاریی کورد لەمەڕ پەروەندەی سەحەر چوینی، بەناچاری زێدی خۆی بەجێهێشت+وتووێژ

15:43 - 11 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە چالاکانی خویندکاریی کورد لە زانکۆی \"بووعەلی\"ی هەمەدان لە پەیوەندی لەگەڵ پەروەندەی سەرحەر چوینی، ناچار بە بەجێهێشتنی وڵات کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ ئەردەڵان باستانی چالاکی خوێندکاریی کوردی خەڵکی شاری بۆکان، بەهۆی فشاری بەردەوامی ناوەندە ئەمنییەکانی شاری هەمەدان لەمەڕ پێکهێنانی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی سەبارەت بە مەرگی گوماناویی سەحەر چوینی، بە ناچاری زێدی خۆی بەجێهێشت.

\"18558.jpg\"
ئەردەڵان باستانی چالاکی خوێندکاریی کوردی خەڵکی شاری بۆکان، بەهۆی فشاری بەردەوامی ناوەندە ئەمنییەکانی شاری هەمەدان بە ناچاری زێدی خۆی بەجێهێشت
ئەردەڵان باستانی چالاکی خوێندکاریی کورد لە لێدوانێکدا بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ پاش بەرێوەچوونی یەکەم مانگرتنی خوێندکاران لە رێکەوتی ٢٣ی رەزبەردا، ئیدارەی ئیتلاعاتی هەمەدان ٢ رۆژ دواتر هاتنە نێو زانکۆی بووعەلی و لەوێ دەستبەسەریان کردم و لەگەڵ خۆیاندا بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتییان گواستمەوە.

ئەو چالاکە خوێندکارییە باسی لەوەش کرد، بەهۆی ئەوەی کە مانگرتنەکە لەسەر دەستی من و کۆمەڵێک لە چالاکانی خوێندکاری رێکخرابوو، ئیدارەی ئیتلاعات پێیان راگەیاندم کە دەبێ مانگرتنی ٢٦ی رەزبەر لەبەر دەم \"گوڵزاری شۆهەدا\" هەڵبوەشێەوە، بۆیە بە ناچاری شوێنی مانگرتنەکەمان بۆ نێو زانکۆی بووعەلی گواستەوە.

هەروەها گوتیشی؛ هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری هەمەدان بە \"سیخوڕی\" بۆ میدیاکانی دەرەوەی وڵاتیش تۆمەتباری کردم و بۆ ماوەی شەو رۆژێک لەو ئیدارەیە لێپرسینەوەم لێکرا.

باستانی باسی لەوەش کرد، لەو ماوەیەدا زیاتر لە ١٠ جار بانگهێشتی ئیتلاعات کرامەوە و بە بەردەوامی بە تەلەفۆن پەیوەندییان پێوە دەگرتم، و تەنانەت کارتی خوێندکارییشیان لێ ئەستاندمەوە و بەو هۆیەوە زانکۆش لە پێدانی ژەمە خواردنەکان بە من خۆی دەبوارد و تەنانەت رێگرییان لەوە دەکرد، کەلە تاقیکردنەوەکانشدا بەشداری بکەم.

گوتیشی، کە کۆمیتەی ئینزاباتی ببێ ئەوەی هیچ حوکمێکی نووسراوە بە من رابگەیەنێت، ئەو بەربەستانەیان بۆ من دروست دەکرد.

ئەو چالاکە خوێندکارییەی زانکۆی \"بووعەلی\"ی هەمەدان ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی فشاری ئەو ناوەندە ئەمنییەکانەوە تووشی خەمۆکی و جەڵتە بووم و لە ئەنجامدا بۆ ماوەی ٢ رۆژ لە نەخۆشخانەی هەمەدان خرامە ژێر چاوەدێریی پزیشکییەوە.

سەبارەت بە پەروەندەی سەحەر چوینی دەڵێت؛ رۆژی ٢٠ی رەزبەر رۆژنامەی \"پەیام\"ی هەمەدان لە بابەتێکدا لەژێر سەردێڕی \"کێ کچە خوێندکاری تەمەن ١٩ ساڵەی کوردی هەڵواسی؟\" باسیان لە کوشتنی سەحەر چوینی‌کرد، بەڵام رۆژی دواتر لەژیر فشاری دەزگە ئەمنییەکاندا ئەو هەواڵەیەن \"تەکذیب\" کرد.

رۆژی هەینی رێکەوتی ١٩‌ی رەزبەر سەحەر چووینی خوێندکاری رشتەی پەرستاریی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی شاری هەمەدان و خەڵکی شاری مەریوان، بە شێوەیەکی گوماناوی لە خەوتنگەی زانکۆی بووعەلی هەمەدان گیانی لەدەست دا.

ئەردەڵان باستانی تەمەن ٢٠ ساڵ و خوێندکاری رشتەی کۆمەڵناسی لە زانکۆی \"بووعەلی\"ی شاری هەمەدان بوو، کە رۆژی ٣ی رەشەممە بەهۆی فشاری لەڕادەبەدەری ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە رووی لە دەرەوەی وڵات کردووە.