چالاکێکی خوێندکاریی کورد بەهۆی رەخنەگرتنەوە، لە خوێندن بێبەش کرا

21:29 - 4 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی خوێندکاریی کوردی زانکۆی زانست و لێکۆڵینەوەی تاران، بەهۆی رەخنە گرتنەوە، لە درێژەدان بەخوێندن بێبەری کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ سەردار پەرستار چالاکی خوێندکاریی کوردی خەڵکی شاری سەقز لە زانکۆی زانست و لێکۆڵینەوەی تاران، لەلایەن کۆمیتەی ئینزباتیی زانکۆی تارانەوە پێی راگەیاندراوە کە بۆ تێرمی داهاتوو مافی ناونووسی کردنی لە زانکۆدا نییە.

یەکێک لە خوێندکارانی زانکۆی زانست و لێکۆڵینەوەی تاران وێرای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە، رایگەیاند: رێکەوتی ١٢ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی سەعید جەلیلی لە کاتی بانگەشەکانی هەڵبژاردنی سەرکۆماریدا سەردانی زانکۆی زانست و لێکۆڵینەوەی کرد، کە لەلایەن سەردار پەرستارەوە رەخنەی لێگیرا و پاش یەک مانگ لەو رووداوە، سەردار پەرستار لە خوێندن بێبەش کرا.

\"19008.jpg\"
سامان پەرستار کە تێکڕای نمرەکانی ١٨ و ١٩ بوون، لە کارنامەکەیدا سەرجەم نمرەکانی بۆ ١٠ کەم کراونەتەوە
ئەو چالاکە خوێندکارییە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، گوتیشی؛ سەردار پەرستار تاقە خوێندکارێک بوو، کە لەمەڕ بێکاریی لاوان و ژنان و دۆخی خوێندکاران لە زانکۆکاندا رەخنەی لە سەعید جەلیلی گرتووە، کە ئەمەش تووڕەیی سەعید جەلیلی لێکەوتەوە و لەو کاتەوە بەدوا ئەو چالاکە خوێندکارییە بەردەوام بانگهێشتی حەراسەتی زانکۆ دەکرا و بەبێ هیچ هۆکارێک لێکۆلینەوەی لێ دەکرا.

سەرچاوەکە گوتیشی؛ سەردار پەرستار لە کاتێکدا خوێندکاری تێرمی یەکەمی رشتەی کامپیوتێری زانکۆی زانست و لێکۆڵینەوەی تاران بوو، مانگی پووشپەڕی ١٣٩٢ هەتاوی بانگهێشتی کۆمیتەی ئینزباتی کراو بەبێ هیچ هۆکارێکی روون پێی راگەیاندرا، کە ئیزنی ئەوەی نییە بۆ تێرمی داهاتوو ناونووسی بکات.

دەگوترێت کە ئەو چالاکە خوێندکارییە کوردە لەو ماوەیەدا دوو جار بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقزیش کراوە و بەبی هۆکارێکی دیاریکراو لێپرسینەوەی لێ کراوە.

چالاکانی خوێندکاری لەو باوەڕەدان کە دەزگا ئەمنییەتی و ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە شێوەی پلان‌بۆ داڕێژراو چالاکانی خوێندکاری لە زانکۆکان دەردەکەن و ناچار بە بەجێ هێشتنی وڵاتیان دەکەن.

بەپشت بەست بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ١٣ چالاکی خوێندکاریی کورد بەناوەکانی مووسا ئەحمەدی، کوێستان کەریمی خەڵکی مەریوان، مەجید تیباش خەڵکی ورمێ، فەرشاد سوڵتان ی – ورمێ، ئەفسانە بایزیدی – بۆکان، گیتا گۆران موحیت، - کرماشان، دانا ئەمینی – مەریوان، مەیسەم جوانمیری – مەریوان، سۆران راوش – مەریوان- عادڵ غوڵامی – مەهاباد، نێعمەت ئازادخا- مەهاباد، مورتەزا ئەمینی – مەهاباد و سەردار پەرستار – خەڵکی شاری سەقز لە زانکۆکانی ئێراندا لە خوێندن بێبەری کراون.

هەروەها بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەماوەی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویدا، ئومید عەبدی – خەڵکی ورمێ، ئەفشین کەریمیان نەسەب – خەڵکی کرماشان و ئەردەڵان باستانی خەڵکی شاری بۆکان بەهۆی چالاکییەکانیانەوە لە زانکۆکانی ئێران لە ژێر فشاری دەزگا ئەمنیەتی و ئیتلاعاتییەکانی ئێرانەوە بە ناچاری زێدی خۆیان بەجێ‌هێشتووە.

هەروەها مامۆستایەکی زانکۆی کورد بەناوی جەهانوڵڵا کەرەم خەڵکی شاری مەهاباد و مامۆستای زانکۆ بەهۆی فشاری دەزگا ئیتلاعاتییەکانەوە لە ساڵی رابردوودا رووی لە دەرەوەی وڵات کردووە.