چالاکێکی خوێندکاریی کورد: بزاوتی نەتەوەی لە زانکۆکانی ئێراندا بە وردی لەژێر چاوەدێریدایە

21:10 - 4 خاکەلێوه 2715
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی خوێندکاریی کوردی خەڵكی شاری مەهاباد، بەهۆی هەڕەشە و فشاری وەزارەتی ئیتلاعاتەوە، زێدی خۆی بەجێهێشت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ناسر رەسووڵ‌نەژاد، خوێندکاری کوردی خەڵكی شاری مەهاباد لە زانکۆی عەلامە تەباتەبایی تاران، لە ئەنجامی فشاری ناوەندە ئیتلاعاتی و ئەمنییەکاندا، رووی لە دەرەوەی وڵات کردو لە یەکێک لە وڵاتانی دراوسێی ئێران گیرسایەوە.

ئەو چالاکە خوێندکارییە، کە لە زانکۆی عەلامە سەرقاڵی خوێندنی کارناسایی باڵا لە رشتەی کارگێری‌دا بووە، لە لێدوانێکدا بۆ کوردپا، رایگەیاند: لە ناوەڕاستی هاوین و مانگی رەشەمەی ساڵی رابردوودا بانگی ئیتلاعاتی مەهاباد کرام و بەهۆی ترس دەستبەسەر کران، رووم لەدەرەوەی وڵات کرد.

ناسر رەسووڵ‌نەژاد، کە رێکەوتی ١٨ی رەشەمەی ساڵی رابردوو بۆ دووەم جار بانگهێشتی ئیتلاعاتی مەهاباد کرابوو کۆمەڵێک تۆمەتی وەکوو \"هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی، پەیوەندی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان و تەبلێغاتی ئاشکرا (عیان)\"ی درابوویە پاڵ.

ئەو چالاکە خویندکارییە ئاماژەی بەوەش کرد: هەڕەشەی مەئموورانی ئیتلاعات لە ئاستێکدا بوو، کە ئەو شەوەی کە لە ئیتلاعات ئازاد کرام، دەستبەجێ وڵاتم بەجیهێشت و رووم لە دەرەوەی وڵات کرد.

\"25622.jpg\"
ناسر رەسووڵ‌نەژاد: چالاکیی خوێندکاری لە زانکۆی عەلامە بە بەراورد لەگەڵ هەموو زانکۆکانی دیکەی تاراندا سنووردارتر بوو
ناوبراو، سەبارەت بە چالاکیی خوێندکاری لە زانکۆی عەلامە تەباتەبایی گوتی: چالاکیی خوێندکاری لە زانکۆی عەلامە بە بەراورد لەگەڵ هەموو زانکۆکانی دیکەی تاراندا سنووردارتر بوو.

رەسووڵ‌نەژاد لەو بارەیەوە دەڵێت: سەرەتای مانگی رەشەمەی ئەمساڵ لە کاتێکدا کە تەنانەت بۆ بەرێوەبردنی رێوڕەسمی رێزگرتن لە قوربانیانی هەڵەبجەش مۆڵەتمان وەرگرتبوو، حەفتەیەک پێش لە بەڕێوەچوونی ریوڕەسمی ریزگرتن لە قوربانیان، ئەو رێوڕەسمە هەڵوەشێندرایەوە\".

سەبارەت بە دۆخی ئێستای زانکۆکانی ئێران دەڵێت: \"خوێندکارانی لایەنگری بیری چەپ زۆر بە ئاسانی چالاکی دکەن و لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانیشەوە کێشەیان بۆ دروست ناکرێ، بەڵام ئەو خوێندکارانەی کە لایەنگری لە بزاوتی ناسیۆنالیستی دکەن، بە وردی دەخرێنە ژێر چاوەدێرییەوەو رێگری لە هەموو جۆرە چالاکییەکیان دەکەن کە بۆنی نەتەوەیی و ناسیۆنالیستی لێ بێت\".

هەروەها سەبارەت بە چالاکیی خوێندکاری لەو زانکۆیەدا دەڵێت: کۆمەڵێک خوێندکار کە گوێیان بە ئیتلاعات نەئەدا و راشکاوانە لە زانکۆدا قسەیان دەکرد، لەلایەن ئیتلاعاتەوە پلانیان بۆ داڕێژراو دەستەبسەریان کردن، کە سابیر شێخ عەبدوڵڵا راستەوخۆ بووە قوربانیی پلانی وەزارەتی ئیتلاعات\".

رەسوڵ‌نەژاد روونیشی کردەوە، دۆسیەی سابیر شێخ عەبدوڵڵا کەوتە ژێر دەستی حەیدەر موسلحی وەزیری پێشووی ئیتلاعات و پەروەندەسازییان بۆ کرد و بە ئەنجامدانی تەقینەوەی مەهاباد تۆمەتباریان کرد، لە کاتێکدا سابیر لەو تەقینەوەیە ئاگاداریش نەبوو\".

سەرەڕای بەڵێنییەکانی رۆحانی لەمەڕ کرانەوەی زانکۆکان و نەهێشتنی دۆخی ئەمنیەتی لە زانکۆکاندا، لەماوەی دەسەلاتداریەتیی ناوبراویشدا هاوشێوەی دەوڵەتی ئەحەمدی‌نەژاد زانکۆکان لەژێر چاوەدێریی حەراسەت و چالاکانی خوێندکاریش لەژێر فشار و هەرەشەی ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا بوون.