چالاکێکی خوێندکاریی پاش ٢١رۆژ لەدەستبەسەری، چارەنووسی ناڕوونە

16:37 - 16 پووشپەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: خوێندکارێکی کوردی خەڵکی شاری سنە پاش ٢١ رۆژ لەدەستبەسەر کرانی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە، هەتا ئێستا چارەنووسی ناڕوونە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ٢٧ی جۆزەردانی ئەمساڵ، کاوە خوسرەوی کوردستانی خوێندکاریی کارناسی باڵای زانکۆی پەیام نووری سنە، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کراوە و هەتا ئێستا لە هۆکاری بانگهێشت و دەستبەسەرکردنی ئەو خوێندکارە کوردە هیچ زانیارییەک بڵاو نەبووەتەوە.

ئەو خوێندکارە کوردە پاش بانگهێشت کردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەو دەستبەسەر کرابوو.

\"27051.jpg\"
کاوە خوسرەوی کوردستانی بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کراوە و هەتا ئێستا چارەنووسی ناڕوونە
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری سنە بە هەواڵنێری ئاژانسی کوردپای راگەیاند: سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی کاوە خوسرەوی بۆ زانیاریی وەرگرتن لەسەر چارەنووسی کوڕەکەیان لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، لەلایەن ئەو ناوەندە ئەمنیەتییەوە هیچ وڵامێکیان پێ نەدراوەتەوە.

دەوترێ کاوە خوسرەوی کوردستانی مامۆستای زمانی کوردی ئەنجومەنی فەرهەنگی و ئەدەبی \" هاواری هەورام\" و بەرپرسی پێشووی ئەنجومەنی وتووێژە فەرهەنگییەکان بووە.

هەتا بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە لەهۆکاری دەستبەسەر کردنی کاوە خوسرەوی و شوێنی راگرتنی هیچ هەواڵێک لە بەردەستدا نیە.