چالاکێکی تێلگرامی لە شاری ورمێ زیندان کرا

13:07 - 20 رەشەمه 2717
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە چالاکانی مەدەنی، کە ماوەی یەک مانگ پێش لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو، بۆ زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ ڕاگوێزرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەڕێوەبەری کاناڵی تێلگرامیی \"ئامانج\"، کە ڕووماڵی هەواڵەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتی دەکرد، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش یەک مانگ ڕاگیرانی لە گرتووخانەی ئیتلاعات، بۆ زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ ڕاگوێزرا.

شوناسی بەڕێوەبەری کاناڵی تێلگرامی \"ئامانج\" بە ناوی \"فەروخ عەبدی\" ڕاگەیەندراوە.

بەڕێوەبەری کاناڵی تێلگرامی ئامانج، ڕۆژی شەممە ٢١ی ڕێبەندان، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە، لە شاری قشم دەسبەسەر و ڕەوانە گرتووخانەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەر بوونی بەڕێوەبەری کاناڵی تێلگرامی ئامانج ڕایگەیاند، \"هێزە ئەمنییەتییەکان هۆکاری دەسبەسەر کردنی ناوبراویان بۆ \"پڕوپاگەندە دژی نیزام\" ڕاگەیاندووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، فەروخ عەبدی، بوورسییەی وڵاتی ئاڵمانی بۆ خوێندن لە ئاستی دوکتورای مافی نێونەتەوەیی هەیە.