٦ چالاکی کورد بۆ پشتیوانی لە مانگرتوانی زیندانی ورمێ، لەبەردەم تەلەفزیۆنی میللیی کانادا مان دەگرن

14:01 - 1 بەفرانبار 2714
ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنی و سیاسیی کورد دانیشتووی وڵاتی کەنادا، بۆ پشتیوانی لە خواستی زیندانیانی مانگرتوو لە زیندانی ورمێ، لەبەردەم (تەلەفزیۆنی میللیی) کانادا، مانیان گرت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ دووشەممە رێکەوتی ١ی بەفرانبار، ٦ چالاکی مەدەنی و سیاسیی کوردی نیشتەجێێ وڵاتی کانادا، بۆ هاودەنگی لەگەڵ مانگرتنی سەرتاسەری لە کوردستان، لەبەردەم بینای تەلفزیۆنی (سی‌بی‌سی\"تەلەفزیۆنی میللیی کانادا\") مانگرتنێکیان وەڕێخست.

محێدین پاڵانی، سۆهەیلا حەمد، محەمەد خادمیان، دیاکۆ خەیات، کاوە سوور و سۆهراب کەریمی، ئەو ٦ چالاکە کوردەن، کەلە بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممەوە مانگرتنەکەیان دەست پێدەکەن.

\"23754.jpg\"
دیاکۆ خەیات و محێدین پاڵانی دووان لە مانگرتوانانی بەردەم تەلەفزیۆنی میللیی کانادا
ئەو چالاکانە لە نامەیەکدا کە لەو بارەیەوە بڵاویان کردۆتەوە، رایانگەیاندووە؛ جیاکردنەوەی زیندانیانی سیاسی لە یەکتر بەپێی بڕیاری نویێ وەزیری ئیتلاعاتی کابینەی حەسەن رۆحانی بووە، کە بە مەبەستی نەهێشتنی بەندی زیندانییە سیاسییەکان لە نێو زیندانەکاندا، زیندانیانی سیاسی و عەقیدەتی لەگەڵ تۆمەتباران ماددە هۆشبەرەکان و زیندانیانی تاوانە کۆمەڵایەتییەکان تێکەل بکرێن.

لە درێژەی نامەکەشیاندا نووسیویانە؛ \"لێردەدا ئەوەی جێگەی داخ و سەرسووڕمانە، بێدەنگیی کۆمەڵگەی جیهانی و میدیا ئازاد و بەرپرس لە جیهان و ناوچەکەدایە. پێویستە هەموو نەتەوەکان جیهان ئاگاداری ئەو راستییە بن کە پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانەدا، راستەخۆ بەرپرسایەتی و تێچووی ئینسانییەکەی لە ئەستۆی هەموان دەبێت و کەمتەرخەمی کردنیش لەو بارەیەوە، لە داهاتوودا کۆمەڵگەی جیهانی بەرەوڕووی هەڕەشەی توندوتیژیی شەریعەتی وەک \"رژیمی ئیسلامیی ئێران، داعش، حیزبوڵڵا و ئەلقاعیدە دەکاتەوە.

\"23755.jpg\"
سۆهراب کەریمی و کاوە سوور دوو چالاکی مانگرتوو لەبەردەم تەلەفزیۆنی میللیی کانادا
چالاکانی مانگرتوو لەبەردەم تەلەفزیۆنی میللیی کانادا، داوایان لە دەوڵەت و ناوەندەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ کردووە، کە بەو پەڕی شێلگیرییەوە فشار بخەنە سەر حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و حوکمی لەسێدارەدانی هاووڵاتییان رابگرێ و زیندانیانی سیاسیش بەبێ ئەملاولا ئازاد بکات و هاوکات داوای لە نوێنەری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، کە سەردانی کوردستان بکات و لەگەڵ زیندانیانی سیاسیی کورد چاوپێکەوتنی هەبێت.

ئەو چالاکە کوردانە دەشڵێن، یەکێک لە خواستی زیندانیانی مانگرتوو، کە جیاکردنەوەیان لە زیندانیانی تاوانە گشتی و کۆمەڵایەتییەکانە، دەبێ بە زووترین کات جیبەجێ بکرێ و لەگەل ئەوەشدا داوایان لە میدیا سەربەخۆ و ئازادەکان کردووە، کە بێدەنگیی خۆیان لە پەیوەندی لەگەڵ پێشێلکرانی مافی کوردەکان لە ئێراندا بشکێنن و گرینگی بە داوا میللی دێمۆکراتیکەکانی گەلی کورد بدەن.

٢٨ زیندانیی سیاسیی کورد، لە زیندانی ورمێ بەهۆی فشاری بەرپرسان، راگواستنیان بۆ بەندەکانی دیکەی نێو زیندان و هێنانی زیندانیانی تۆمەتبار بە ماددە هۆشبەرەکان بۆ بەندی زیندانیانی سیاسی و هەروەها هەڵسووکەوتی نەشیاوی بەرپرسانی زیندان لەگەل بنەماڵەی زیندانیان و نەبوونی ئیمکانات لەو زیندانەدا، ماوەی ٣٣ رۆژە مانیان لە خواردن گرتووە.

وێنە: ئارشیو