١٠ چالاکی ئازەری لەشاری میاندواو دەستبەسەر کران

13:16 - 23 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: لەشاری میاندواو ١٠ کەس لەبەشدارانی رێوڕەسمی ساڵیادی دامەزراندنی \"حکوومەتی میللی ئازەربایجان\"، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بە پشت بەستن بە شەبەکەی \"گوناز تی‌ڤی\"، ئەو ١٠ چالاکە ئازەرییە لەکاتێکدا دەستبەسەرکراون کە سەرقاڵی بەڕێوەبردنی رێوڕەسمی ساڵیادی دامەزراندنی \"حکوومەتی میللیی ئازەربایجان\" لە ئاوایی \"قیجیلی\"‌ی سەر بە شارستانی میاندوا بوون.

یووسف مەختاری، موختار ئیبراهیمی، جەواد سوودبەر، حەبیب مەنافی و داریوش عەندەلیبیان، راحیلە سیدخانی ٣٢ ساڵ فرزند سراج، شەفیع فاتحی ٤٤ ساڵ و ئەفشین فاتحی ناوەی ٨ کەس لەو ١٠ هاووڵاتییەن کە رێکەوتی ٢١‌ی سەرماوەز لەسەر گۆڕی \"خانعەلی موتیعی\" لەئاوایی قیجیلی دەستبەسەر کران.

\"17376.jpg\"
گۆڕی میرزا خانعەلی موتیعی
میرزا خانعەلی موتیعی ساڵی ١٢٨٥‌ی هەتاوی لەئاوایی قیجیلی میاندوا لەدایک بووە و ساڵی ١٣٢٤ لەخۆپیشاندانێک کە بەمەبەستی پشتیوانی لە حکوومەتی میللیی ئازەربایجان رێکخرابوو، لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی پەهلەوییەوە کوژرا و چالاکانی خانعەلی موتیعی وەکوو قارەمانێک پێناسە دەکەن.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار بڕیارە پێنج کەس لەو ١٠ چالاکە ئازەرییە دەستبەسەر کراوە بە دانانی وەسیقەی ١٠ میلۆن تمەنی بۆ هەرکامیان ئازاد بکرێن.

دەگوترێت، هێزە ئەمنیەتییەکان بێ‌رێزی زۆرییان بە بەشدارانی رێوڕەسمی ساڵیادی دامەزراندنی حکومەتی میللیی ئازەربایجان لەئاوایی قیجیلی میاندوا کردووە و حەبیب مەنافی یەکێک لەدەستبەسەرکراوەکانیان داوەتە بەر لێدان و کوتان و بەو هۆیەوە چەند پەراسوویەکی شکاوە.

حکوومەتی خودموختاری ئازەربایجان کە ئازەرییەکان بە \"حکوومەتی میللیی ئازەربایجان \"ناوی لێ‌دەبەن، ساڵەکانی ١٣٢٤ ـ ١٣٢٥ لەناوچەی ئازەربایجانی ئێران کە بنکەکەشی تەوریز بوو، بە رێبەریی جەعفەر پیشەوەری دامەزرا.