چالاکیی حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکان لە کوردستان نیگەرانییەکانی سپای پاسدرانی زۆرتر کردووتەوە

21:45 - 4 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: سپای پاسدران یەگانەکانی خۆی بە چەکی قورس و نیوە قورس لە سنوورەکانی کوردستان جێگر کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، نیگەرانییەکانی سپای پاسدران لەگەڵ چالاکییەکانی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە کوردستان زۆرتر بووتەوە.

لە ماوەی ٢٠ ڕۆژی ڕابردوودا، سپای پاسدران یەگانەکانی خۆی بە چەکی قورس و نیوە قورس بۆ گوندە و شارە سنوورییەکان بە تایبەت شارەکانی شنۆ، پیرانشار وسەردەشت بەڕێ کردووە.

سەرچاوەکانی هەواڵ لەو باریەوە ڕایانگەیاندکە، ئامانجی سپای پاسدران ئامادەگی بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ چالاکییەکانی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێرانه و مانۆڕی نیزامیی لە سنوورەکانی کوردستان بەڕێوە دەبات.

چەند ڕۆژ پێش،قەرارگای حەمزەی سپای پاسداران لەبەرامبەر چالاکیی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دژکردەوەی نیشان دا.
قەرارگای حەمزەی سپای پاسداران لە هەواڵێکدا دووپاتی کردەوە لەگەڵ هەر جموجۆڵ و چالاکییەکی حیزبە کوردییەکان لە قوڵایی خاکی کوردستان لەگەڵی بەڕەوروو دەبنەوە.

قەراگای حەمزەی سپای پاسداران بە ئاماژە کردن بە ئامادەیی ئەو هێزە ڕایگەیاند:\" هۆشدار یبە حیزبە کوردییەکان دەدەین لە ئەگەری هەر جۆرە جموجۆڵێک و دەستدرێژییەک، ئەوان هەتا بنکەکانی خۆیان ڕاودوونان دەکەن و بە توندی سزایان دەدەین\".

پێشتریش، لە ماوەی مانگەکانی پێشوودا، شەڕ و تێکهەڵچوون لە نێوان ‌هێزە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆن و سپای پاسداران هاتبووە ئاراوە.