چالاکانی یارسان هیوایان بە بەڵێنییەکانی روحانی هەیە

15:18 - 24 خەرمانان 2715
ئاژانسی کوردپا: \"کۆڕی راوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان\" لە پەرچەکردار بە کۆبوونەوەی چەند ڕۆژلەمەوبەری ناوەندە حکوومەتییەکان لە کرماشان لەگەڵ ژمارەیەک لە هاووڵاتیی ئاینیی یاری نامەیەکی بڵاو کردەوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەری کوردپا، رێکەوتی ١٨ی خەرمانان ئیدارەی ئیتلاعاتی پارێزگای کرماشان ژمارەیەک لە چالاکانی یارسان و نوێنەرانی خەڵکی پەیڕوەی ئاینیی یاری بانگهێشت و بەڵێنی وەدیهێنانی مافی کەمینەکانی پێ داون.

لەو کۆبوونەوەیەدا بەرپرسێکی ئەمنیەتی بەڵێنی داوە کە لەمەوبەدوا هەوڵ دەدرێت کە روانینی ئەمنیەتی لەسەر کۆمەڵگەی یارسان نەمێنێت و بۆ دامەزراندنیان لە ئیدارەکاندا کۆسپ و رێگریی دروست نەکرێت.

دەقی ئەو نامەیەی کە کۆڕی راوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان بڵاویکردووەتەوە و نوسخەیەکی بە ئاژانسی کوردپا گەیشتووە:

بە پێی ئەو هەواڵانەی بە دەستمان گەیشتووە، پێنجشەممە رێکەوتی ١٨ی خەرمانان ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان ژمارەیەک لە پەیڕەوان و چالاکانی ئاینیی یاری بانگهێشت کردووە و تێیدا بەرپرسێکی ئەمنیەتی پێی راگەیاندوون کە دەوڵەتی حەسەن روحانی دەیهەوێ لە چوارچیوەی جێبەجێ کردنی بەیاننامەکانی کاتی هەڵبژاردندا مافی کەمینە مەزهەبی و خەڵکی یارسان دابین بکات و لەو پێوەندییەدا ناوەندە ئەمنیەتییەکان بۆ ئەو مەبەستە رەشنووسێکیان پێشکەش بە شۆرای ئەمنیەتی میللی کردووە.

بەپێی ئەو رەشنووسە لەمەوبەدوا کێشەی دامەزراندن و رێگرە ئەمنیەتی ــ عەقیدەتییەکان لەسەر کۆمەڵگەی یارسان هەڵدەگیرێت.

کۆڕی راویژی چالاکانی مەدەنیی یارسان وێڕای پێشوازیکردن لە هەر هەنگاوێکی حکوومەت بۆ وەدیهێنانی مافەکانی یارسانەکان، هیواداریشە کە قسە و لێداوانی بەرپرسان بە پێچەوانەی بەڵێنییە بێ بنەماکانی رابردوو بێت و لەو کۆبوونەوەیەدا رەنگێکی راستەقینە بە خۆیەوە بگرێت و دانیشتنەکە بتوانێ کە کێشەکانی سەر رێگای یارسانەکان بسڕێتەوە.

کۆڕی راوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان
خەرمانانی ١٣٩٤