چالاکانی کەمپینی\"نا بە تانکەرەکانی مەرگ\" بە دانانی بارمتە ئازاد کران

21:11 - 17 رەزبەر 2716
ئاژانسی کوردپا: هەر چوار چالاکی کەمپینی نا بە تانکەرەکانی مەرگ بە دانانی بارمتەی ٥٠ میلیۆنی لە زیندان ئازاد کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا: ئەمڕۆ شەممە ١٧ی ڕەزبەر، چالاکانی کەمپینی نا بە تانکەرەکانی مەرگ بە دانانی بارمتەی لە زیندان ئازاد کران.

ئارتین حەسەن زادە، بەهارە عارفی شێخ، سەیران خۆرنکا و ڕۆژین ڕەزایی لە چالاکانی کەمپینی نا بە تانکەرەکانی مەرگ ، ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی ڕەزبەر لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەرکرا بوون.

دەزگای قەزایی شاری مەریوان بۆ ئازاد کردنی هەر یەک لەو چوار هاووڵاتییە کوردە داوای بارمتەی ٥٠ میلیۆنی کردبوو.

ئەو چالاکانە ناڕەزایەتییان سەبارەت بە ناڵەباری و چاڵ و چۆڵیی جاددەی نێوان مەریوان_سنە، کەمپەینێکیان لەژێر ناوی \" نا بە تانکەرەکانی مەرگ \" دروست کردبوو.

چالاکانی کەمپین، داوای چارەسەرکردنی کێشەی هاتوچۆی تانکەرە نەوت هەڵگرەکان، کە ژیانی هاووڵاتییانی ئەو شارە خستبووە مەترسیەوە، کردبوو.