چالاکانی کورد: پڕئاوکردنی بەنداوی داریان دەبێ رابگیرێت

20:42 - 27 خەزەڵوەر 2715
ئاژانسی کوردپا: ٢٩٧٠ چالاکی ژینگەپارێز، مەدەنی، سیاسی و ئابووری هاوڕێ لەگەڵ کەسایەتییە مەزهەبی، زانستی و ئاکادمیکەکانی کوردستان بە نووسینی نامەیەک بۆ حەسەن ڕووحانی داوای راگرتنی پڕئاوکردنی بەنداوی داریانیان کردووە.

بەپێی راپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، نزیکەی ٣ هەزار کەس لە چالاکانی کورد بە نووسینی نامەیەک داوایان لە سەرۆک کۆماری ئێران کردووە کە بەدواداچوون بۆ رزگارکردنی کانی \"بڵ\" ئەنجام بدات.

لەو نامەیەدا هاتووە: بە پڕئاوکردنی بەنداوی بەنداوی داریان کە کارناسیی باشی بۆ نەکراوە، دووهەمین کانیی ئاوی سرووشتیی جیهان و گەورەترین کانیی کارێستی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەناوی کانی بڵ، کە لە ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی بە ژمارەی ٦٤ لە پێرستی ئاسەوارە سروشتییە نیشتمانییەكانی ئێراندا تۆمار کراوە، لە ژێر ١٠٩ میتر ئاودا بۆ هەمیشە لە نێو دەچێت.

لە درێژەی نامەکەدا هاتووە،ئەم هێما شوناسییە و ئەم سەرچاوە گەورە و پڕبایەخەی ئاوی خواردنەوە کە درێژەی مانەوەی نەتەوە و مانەوەی سیستەمی سیاسی لە فەلاتی وشکی ئێراندا گرێدراوە بە دڵۆپ دڵۆپی ئەو ئاوەوە، بەداخەوە بەهۆی تێگەیشتنی هەڵە و هەڵبژاردنی هەستۆکی زانیارییەکانی بەنداوی کارناسی نەکراوی داریان لەلایەن بەرپرسانی وەزارەتی وزە و جێبەجێکارانی گەڵاڵەی بەنداوی داریانەوە، ئێستاکە بەرەو لەنێوچوون دەڕوات و بەداخەوە بەرپرسانی پەیوەندیدار بە بێ موباڵاتی و کەمتەرخەمیی زیاتر پێداگرن لەسەر تێکدانی ئەو کانییە گەورەیە کە بە دانی ٤٠٠٠ لیتر ئاو لە چرکەدا بە بێ پێویستی بە پاڵاوتن، توانایی دابینکردنی ئاوی خواردنی ٢ میلیۆن کەسی هەیە کە بایەخەکەی زۆر زیاترە لە چاڵە نەوتییەکان. کەوابوو چاوەڕوانی دەکرێت هەرچی خێراتر پێش بەو کارەساتە ژینگەییە بگیردرێت.
کارەساتی دیکە و لە نیوچوونی ناوچە پارێزراوەکانی شاهۆ و کۆساڵان بەهۆی بەنداوەکانی بڵبەر و پاڵنگان بەڕێوەیە و دەبێ لەم پەیوەندییەشدا پێداچوونەوە ئەنجام بدرێت. گرووپی کاری رزگارکردنی کانی بڵ کە پێک هاتووە لە ٢٥ کەس لە مامۆستایان و کارناسانی پسپۆڕی بەشی ئاو و خاک بە ڕوانیینێکی زانستی لانیکەم ٦ جار لە گەڵ بەرپرسانی دانیشتووە (بە بەشداریی بەڕێز ئەندازیاری مەیدانی جێگری وەزیری وزە ( ٢ جار)، جێگرەکانی پارێزگاری سنە (١ جار)، ١١ نوێنەر لە کۆی نوێنەرانی پارێزگاکانی کرماشان و سنە لە مەجلیس (١ بار) و لە شوێنی بەنداوی داریان (٢جار).

هەموو توێژینەوە و خوێندنەوەکانی رزگارکردنی کارفەرما و راوێژکارانی لە لایەن ئەندامانی گرووپی کاری خراوەتە بەر توێژینە. بەو پێیە گرووپی کاری بەو ئاکامە گەیشت کە گەڵاڵەی رزگارکردن رێگاچارە نیە چونکوو تێکەڵکردنی ئاوی هەماراوی بەنداوەکە و ئاوی کانی بڵ پێشی پێ ناگیردرێت.

راپۆرتی توێژینەوەکان باس لە کارستی بوون پێکهێنەرەکان دەکەن؛ بۆ وێنە هەبوونی گوسەل و شکانی جۆراوجۆر لە پێکهاتەی قسڵی ناوچەکە، دەبنە هۆی ئەوەی کە ئەگەر تەنانەت ئاوی کانی بڵ بهێننە سەرەوەی ١٢٠ میتر لە حاڵەتی ئێستای، واتە ٤٠٠٠ لیتر لە چرکەدا بۆ ٣٦٥ رۆژی ساڵ ئیمکانی هەبێ، بابەتی سەرەکی تێکەڵبوونی ئاوی کانی لەگەڵ ئاوی هەماراوی بەنداوە کە لە حاڵی پڕ ئاوبووندایە.

تێکەڵبوونی ئاوی کانی و ئاوی هەماراوی بەنداو پێشی پێ ناگیردرێت، کەوابوو، کوالیتیی ئاوی بڵ بە تێکەڵبوون لەگەڵ رووباری سیروان دادەبەزێت و لە ئاکامدا ئاوەکە پیس دەبێت. بە پشتبەستن بە بەڵگە و هەواڵە جێگای باوەڕ، دزەكردنی ئاو لە تونێلی بوژانەوە بەهۆی کارسی بوونی زەوییەکانی دەوروبەر، نابێتە هۆی رزگار بوونی کانی بڵ.

ئەو چالاکانە دەڵێن: قەیرانی بەنداوی داریان لە سەرەتادایە و لەئێستادا کە خەریکە ساز دەکرێت، دەکرێ پێشی پێ بگیردرێت وەکوو گۆلی ورمێ (دۆخی نالەبار)، بەنداوی گەتوەند(دۆخی فریاکەوتن)، بەنداوەکانی گاوشانی کوردستان و لتیانی تاران (دۆخی قەیراناوی) نیە کە چارەسەری ئەم کێشانە لە کۆنترۆڵ دەرچووە.

کەوابوو دەوڵەت دەتوانێ بە هەڵوێستی بوێرانە بە نیسبەت راگرتنی پرۆژەکانی تێکدەری ژینگە و پێشگرتن بە دووپاتبوونەوەی کارەساتە ژینگەییەکان بەئەستۆ گرتنی بەرپرسایەتیی خۆی دەربخات.

واژۆکەرانی ئەم نامەیە لە کۆتاییدا پڕئاوکردنی بەنداوی کارناسی نەکراوی داریانیان کە دەبێتە هۆی لەنێوچوونی کانی بڵ، شەرمەزار کردووە.

توێژینەوەکانی رزگارکردنی کانی بڵ لەساڵی ٨٠ی هەتاوییەوە بەردەوام بووە و لە ماوەی ئەو ١٤ ساڵەدا بێ ئاکام بووە و هەموو رێکارەکانیان نەتەنیا لە راستای پاراستنی کانی بڵ نەبووە، بەڵکوو بووەتە هۆی لەنێوچوونی.

کانیی بڵ کە لە ١٥ کیلۆمیتریی شاری نۆدشە و ٣ کیلۆمیتریی گوندی مێژوویی ــ مەزهەبیی \'\'هەجیج\'\' هەڵکەوتووە، سێ هەزار لیتر لە یەک چرکە ئاو هەڵدەدات و پاش تێپەڕکردنی ١٥ میتر دەڕژێتە ڕووباری سیروانەوە.

خاوەن هەڵوێستە بە ئەزموونەکان، هوشدارییان داوە کە لە ئەگەری لەناوچوون و رووخاندنی کانیی بڵ، پەرچەکرداری سیاسی ــ کۆمەڵایەتیی گەورەی بۆ ناوچەکە بە دواوە دەبێت.

بەنداوی داریان، ٦ کیلۆمیتر لە خوارووی کانی بڵ لە حاڵی دروستکردندایە و درێژییەکەی زیاتر لە ١٠ کیلۆمیتر دەبێت و لە ئەگەری ئاوگیریی بەنداوەکەدا بە قوڵیی زیاتر لە ١٠٠ میتر دەکەوێتە ژێر ئاو.