چالاکانی کوردستان: بۆ مردنی سارۆ قارەمانی، حوسێن قادری و کیانووش زەندی دەبێت دادگایی ئاشکرا بەڕێوە بچێت

15:04 - 25 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کوردستانی ڕۆژهەڵات، بە نووسینی نامەیەک ڕوو لە دادگری شاری سنە، بە ئاماژە کردن بە مردنی گوماناوی سێ کەس لە دەسبەسەرکراوە ناڕازییەکانی ئەم دواییانەی ئێران لەو شارە، داوایان کردووە، تا لە بیاڤی کوشتنەکانی ئەم دواییانەدا، کە ڕۆژانە ڕەوت و لایەنی زیاتر لە خۆ دەگرێت و چووەتە قۆناغی کردەوە، وێڕای بەڕێوەچوونی دادگایی ئاشکرا بۆ ڕوون بوونەوەی کوشتنی ئەو سێ هاووڵاتییە، بکوژان و بەڕێوەبەرانی ئەو قەتڵانە دوور لە هێزی سیاسی یا ئەمنییەتی دادگایی بکرێن.

لە بەشێکی ئەو نامەیەدا هاتووە، پاش ناڕەزایەتییەکانی شەقامە بەربڵاوەکان لەسەر بارودۆخی سیاسی_ ئابووریی ئێران، لە ژمارەیەکی زۆر لە شارەکانی ئێران هەواڵی ناخۆش لە گیانی لە دەستدانی ژمارەیەک لە دەستبەسەرکراوەکانی ئەو ناڕەزایەتییانە بەرچاو دەکەوێت. لە شاری سنە ئەو هەواڵانە بۆ سێ کەس لە هاووڵاتییان بە ناوەکانی حوسێن قادری، سارۆ قارەمانی و کیانووش زەندی پشتڕاست کراوەتەوە. بە داخەوە هەواڵی لەو بابەتە بۆ گیان لە دەستدانی کەسانی دیکە بوونی هەیە، کە دەبێتە هۆی ترس و دڵەڕاوکێی گشتی خەڵک.

ئەمڕۆ پاش ١٠ ساڵ بە سەر مردنی ئیبراهیم لوتفوڵاهی خوێندکاری خەڵکی شاری سنە، لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعات تێپەڕ دەبێت، کەچی هەنووکە هەم کۆمەڵگا لە لێکۆڵینەوەیەکی بێ لایەنانەی قەزایی لەو بوارەدا بێبەرین و هەم بیروڕای گشتیش هیچ کات بە وڵامێکی ئەرێنی و دڵخواز لەو پەیوەندییەدا نەگەیشتوون.

واژۆکەرانی ئەو نامەیە لە کۆتاییدا، داوا لە دادگری شاری سنە دەکەن، کە ئێمە وەکوو ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی کوردستان و شاری سنە، کە نیگەرانی گیان و ئەمنییەتی هاووڵاتییان و ناڕەزایەتییەکانین، داوا لە جەنابت وەکوو \"مدعی‌العموم\" دەکەین، تا لە بیاڤی کوشتنەکانی ئەم دواییانە، کە ڕۆژانە ڕەوت و لایەنی زیاتر لە خۆ دەگرێت و چووەتە قوناغی کردەوە، وێڕای بەڕێوەچوونی دادگایی ئاشکرا بۆ ڕوون بوونەوەی کوشتنی ئەو سێ هاووڵاتییە، بکوژان و بەڕێوەبەرانی ئەو قەتڵانە دوور لە هێزی سیاسی یا ئەمنییەتی دادگایی بکرێن.

دەقی تەواوی ئەم نامەیە لە بەشی فارسی ئاژانسی هەواڵدەریی ئاژانسی کوردپایە.