چالاکانی مەدەنیی ئیلام پشتیوانییان لە ڕامین حوسێن‌پەناهی کرد

16:15 - 3 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنیی خەڵکی شاری ئیلام، سەردانی بنەماڵەی ڕامین حوسێن‌پەناهی زیندانی مەحکووم بە ئێعدامیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنیی خەڵکی شاری ئیلام، سەردانی بنەماڵەی ڕامین حوسێن‌پەناهیان کرد و لە چالاکییە خەڵکییەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی حوکمی ئێعدامی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە پشتیوانییان کرد.

چالاکانی مەدنی لە سەردانی بنەماڵەی حوسێن‌پەناهی باسیان لەوە کرد، کە هیچ کەس ناتوانێت مافی ژیان بە ئاسانی و بە هەر بیانوویەک لە مرۆڤ بستێنێتەوە.

لەو چاوپێکەوتنەدا، بنەماڵەی حوسێن‌پەناهی، سپاس و پێزانینی خۆیان بۆ دڵسۆزان و چالاکانی مەدەنی دەربڕی و ڕێزیان لە هەوڵەکانی چالاکانی مەدەنیی کورد و مافی مرۆڤی بۆ هەڵوەشاندەوەی حوکمی لەسێدارەدانی ڕامین گرت.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک خوازیاری دەستبەجی هەڵوەشاندنەوەی حوکمی ئێعدامی ڕامین حوسێن‌پەناهی بوون.