چالاکانی مەدەنیی سەردەشت بەشدارییان لە \"کەمپەینی چاندنی دار بەڕوو\"دا کرد

13:51 - 12 سەرماوەز 2714
ئاژانسی کوردپا: چالاکانی مەدەنیی شاری سەردەشت وەکوو ناڕەزایەتی دەربڕینێک بە لەناوبردنی دارستانەکانی دەورووبەری سەردەشت، لە چوارچێوەی کەمپەینی چاندنی داربەڕوودا، چالاکییەکی بەڕووچاندنیان بەڕێوەبرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کەمپەیەنی چاندنی داربەڕوو (چالش بلوت)، کە وەکوو ناڕەزایەتی دەربڕینێک بە لە ناوبردنی ژینگەو دارستانەکانی کوردستان دەستی بە چالاکی کردووە، لە دەوروبەری شاری سەردەشت چالاکانی مەدەنیی شاری سەردەشتیش بە چاندنی تۆوی داربەڕوو، بەشداریی ئەو کەمپەینە بوون.

ئەو کەمپەینە ، یەکەم جار مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ لە شاری جوانڕۆ و لەلایەن دوکتور محێدین محەمەدخانییەوە و بە ئیلهام وەرگرتن لە کەمپەینی \"سەتڵی سەهۆڵاو\"ەکە، دەستی بە چالاکی کرد.

ئەنجومەنی سەوزی ماپرێس و ئیدارەی ژینگەپارێزی جۆانڕۆ وەکوو ناڕەزایەتی دەربڕین بە لەناوبردنی دارستانەکانی کوردستان، ئەوکەمپەینەیان وەرێ‌خستووە و هەتا ئێستا لەگەڵ پێشوازیی گەرمی چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزەرانی كورد بەرەڕوو بۆتەوە.

بە گوتەی چالاکانی ژینگەپارێزی، هەموو کەس دەتوانێ بە چاندنی داربەڕوو بەشداری ئەو کەمپەینە بێت و چەند کەسی دیکەش بۆ بەشداریی لەو چالاکییەدا بانگهێشت بکات و هەر کەسیش سێ دار بەڕوو بچێنێت.

چالاکانی مەدەنیی شاری سەردەشت رایانگەیاندووە، کەسانی بانگهێشت کراو ئەگەر نەیانتوانی بەشداری ئەو چالاکییە بن، پێویستە بڕی ١٥ هەزار تمەن بخەنە حیسابی بانکیی نەخۆشییە ئەستەمەکان(صعب العلاج)ـەوە.

پێشتریش بەڕێوەبەرانی کەپەینکە لە جوانڕۆ رایانگەیاندبوو، کە هەر کەسیکی بانگهێشتکراو نەتوانی بەشداریی کەمپەینەکە بێت، دەبێ سەتڵێک زبڵ و پاشماوەی بەجێماوی ناو ژینگەی دەوروبەری خۆی کۆبکاتەوە.

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا رووبەرێکی بەرفراوان لە دارستانەکانی کوردستان بەهۆی ئاگرکەوتنەوەوە لە ناوچوونە، کە بە گوتەی هاووڵاتییان و شایەتحاڵان، ئەندامانی سوپای پاسداران راستەوخۆ ئاگریان لە دارستانەکان بەرداوە.

هەروەها رێکەوتی ١٨ی خەرمانانی ئەمساڵیش ژمارەیەک دەزگای بۆڵدزێر بە پشتیوانیی ناوەندە نیزامی و ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە سەردەشت، چەندین هێکتار لە دارستانەکانی پشتی \"رەزی جۆڵا\"ی ئەو شارەیان لەناو بردبوو.

\"23417.jpg\"

\"23418.jpg\"