چالاکانی فەرهەنگی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە فشارییان خراوەتە سەر

15:59 - 10 پووشپەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: ماوەیەکە ئیدارەی ئیتلاعاتی پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا فشاری خستووەتە سەر چالاکانی فەرهەنگی و لەرێگەی جۆراوجۆرەوە دەیهەوێ پێش بە چالاکییەکانیان بگرێت.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ناوەندە ئەمنیەتییەکانی پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا لەشاری ورمێ و چەندین شاری دیکە زیاتر لە ٥٠ چالاکیی فەرهەنگی بانگ کردووە.

یەکێک لەو چالاکە فەرهەنگیانەی کە بانگهێشتی ناوەندە ئەمنیەتییەکان کراوە بە هەواڵنێری کوردپای وتووە، لەو ئێدارە داوامان لێکراوە کە چالاکییەکانمان قەتیس بکەینەوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەماوەی یەک مانگی رابردوودا زیاتر لە ٥٠ کەس بانگهێشتی ناوندە ئەمنیەتییەکانی ورمێ کراون کە لەناو ئەو کەسانە فەرمانبەریش وەبەر چاو دەکەوت.

سەرچاوەکە ئاشکراشی کرد، ئەو فەرمانبەرانە کە هاوکات چالاکی فەرهەنگیشن پێیان وتراوە کە ئەگەر لە چالاکییەکانیان بەردەوام ببن ئەوە لەسەر کار دەریان دەکەن.

دەوترێت ناوەندە ئەمنیەتییەکان بە بیانووی ئەنجامدانی چالاکی سیاسی ئەو هاووڵاتیانەیان بانگهێشت کردوون و فشاریان خستوونەتە سەر.

سەرچاوەیەکی ئاگادار شوناسی ژمارەیەک لەو چالاکە کوردانەی بە هەواڵنێری کوردپا داوە و ئاژانسی کوردپا خۆی لەبڵاوکردنەوەی ناوەکانیان دەبوێرێ.

باس لەوە کراوە سەرجەم ئەو چالاکە فەرهەنگیانەی کە بانگهێشتی ناوەندە ئەمنیەتییەکان کراوە بە چاوی بەستراوەوە بۆ ماوەی ٣ هەتا ٥ کاتژمێر لێپێچینەوەیان لەگەڵ کراوە.