چالاکانی شاری بانە دژ بە کوشتاری کۆڵبەران و کاسبکاران لە کوردستان هاتنه دەنگ

15:21 - 16 رەزبەر 2716
ئاژانسی کوردپا: چالاکانی شاری بانە لە هەمبەر کوشتاری کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە کوردستان مان دەگرن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنیی شاری بانە لە پێوەندی لەگەل بەرزبوونەوەی کوشتاری کۆڵبەران و کاسبکاران لە سنوورەکانی کوردستان لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئێران، کەمپەینێکیان لەژێر ناوی \"ئێمە هەموو دەنگی کۆڵبەرانی سەر سنوورەکانین\" پێک هێنا.

چالاکانی ئەو کەمپەینە داوایان لە هاووڵاتییانی شاری بانه کردووە کە ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٧ی ڕەزبەر دوکان و بازاڕ دەبخەن و مان بگرن و بەم شێوەیە کوشتاری کاسبکاران و کۆڵبەرانی کورد لە لایەن حکوومەتی ئێرانەوە مەحکووم بکەن.

کۆڵبەری وەک مەترسیدارترین پیشەی هاووڵاتییانی شارە سنوورییەکانی کوردستان دێتە ئەژمار کە لەو ڕێگایەوە بژیوی ژیانی خۆیان دابین دەکەن.

کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد بە هۆی نەبوونی پیشەیەکی شیاو و دەستکورتی، ڕوویان لە کاری پڕمەترسیی سەر سنوور کردووە و ئەو کارە مەترسیدارە زۆر جار بە نرخی گیان لەدەست دانیان تەواو دەبێت.