چالاکانی سیاسی و مەدەنی کورد: حکوومەتی ئێران پێویستە لە داوای مێژوویی ڕەوای کوردی عێراق بۆ سەربەخۆیی پشتیوانی بکات

17:07 - 29 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: کۆمەڵێک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی کورد، نامەیەکی سەرئاوەڵایان لە پەیوەندی گشتپرسی هەرێـمی کوردستان بۆ خەڵک و بەرپرسانی حکوومەتی ئێران نارد.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کۆمەڵێک لە چالاکانی سیاسی ـ فەرهەنگی کوردستان ئێران نامەیەکی سەرئاوەڵایان بۆ خەڵک و ڕۆشنبیر و سیاسەتمەدار و بەرپرسانی حکوومەتی ئێران بڵاو کردەوە و تێیدا داوای پشتیوانیان لە گشتپرسی هەرێمی کوردستان کرد.

لەم نامەیەدا ئاماژە بە مێژووی پەیوەندییەکانی کوردی عێراق لەگەڵ کوردی ئێراندا کراوە، لە شەڕی ئێران و عێراق و پشتیوانی ئێران لە کوردەکان لە کاتی شاڵاوی ئەنفال و کیمیاباران کردنی هەڵەبجەدا. مافی گشتپرسیان بە مافێکی ڕەوای گەلی کورد زانیوە، کە لە ئەنجامی ئەو هەموو ستەمە کە بە درێژایی مێژوو لە کورد کراوە، ئەم بڕیارە دراوە و مافێکی ڕەوای هەرێـمی کوردستانە.

لە بەشێكی‌تری ئەم نامەیەدا هاتووە، کە هەر وەک چۆن حکوومەتی ئێران بەردەوام پشتگیری لە گەلانی ستەمدیدە بۆ بەدەست هێنانی مافە ڕەواکانی خۆیان کردووە، بە هەمان شێوەش شیاوە بە بەردەوامی بە هەمان سیاسەت پشتیوانی لە هەرێمی کوردستان بۆ بەڕێوەبردنی گشتپرسی بکات.

لەگەڵ ئەمانەشدا مێژووی هاوبەش و نزیک لە فەرهەنگی کوردی عێراق لەگەڵ کوردی ئێراندا ڕۆڵێکی گرینگ لە هاودڵی ئەوان لەگەڵ خەڵك و سوودە نەتەوەییەکانی وڵاتەکەمان هەیە.

بەو پێیە کوردستانی سەربەخۆ بە پێچەوانەی دەوڵەتی عێراق دراوسێیەکی ئەمن و جێی باوەڕی ئێران دەبێت. بۆیە نابێت بهێڵین پڕ‌وپاگەندەکانی دوژمنانی ئێران ببێتە هۆی بڕیاردانێکی هەڵە و قەرەبوونەکراو. وڵاتانی تورکیە و ئامریکا بە سیاسەتە دووڕووییەکانیان هەموو دەرفەتە سیاسی و فەرهەنگی و ئابوورییەکانی سەربەخۆ بوونی کوردستان بەفێڕۆ دەدەن.

بۆیە ئێمە وەک کۆمەڵێک لە چالاکانی سیاسی و فەرهەنگی کوردی ئێران، چاوەڕوانی ئەوەمان لە خەڵكی ئازیز و ڕۆشنبیر و سیاسەتمەداران و بەرپرسانی وڵاتەکەمان هەیە، کە بە دانی بڕیارێکی دروست و لە بەرچاو گرتنی بەرژەوەندییە درێژخایەنەکان لە داوای ڕەوا و مێژوویی گەلی کورد بۆ سەربەخۆیی پشتگیری بکەن.

دەتوانن بۆ خوێندنەوەی دەقی تەواوی نامەکە سەردانی بەشی فارسی ئاژانسی کوردپا بکەن.