چالاکانی خوێندکاری کرماشان: بە نایاسایی زانینی ڕێفراندۆمی کوردستان تاوانێکی گاڵتەجاڕییە

14:43 - 5 رەزبەر 2717
ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەک لە چالاکانی خوێندکاریی زانکۆی ڕازی شاری کرماشان، بە بۆنەی بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان پیرۆزباییان لە هەموو نەتەوەی کورد و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ژمارەیەک لە چالاکانی خوێندکاری کورد، لە زانکۆی ڕازی شاری کرماشان، لە پەیوەندیی لەگەڵ گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان ڕاگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە.

لە بەشێکی ئەو ڕاگەیەندراوە هاتووە: \"بە نایاسایی زانینی ڕێفراندۆمی کوردستان پێش لەوەیکە تاوانێکی گاڵتەجاڕی بێت، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە ئەمانە کۆمەڵە کەسانێکن، کە لە مێژوو و ئەو نەهامەتییانەی کە بە سەر کوردەکاندا هاتووە، بێ‌ئاگا و ناشارەزان.

ئەو چالاکە خوێندکارانە هەروەها دەڵێن: \"بە سەرنج دان بە پرس و کێشەکانی نەتەوەی کورد لە عێراق و لەبەر چاو گرتنی بناغەکانی مافی مرۆڤ، هەر مرۆڤێکی شەریف و ئازاد لەوەی کە خەڵکی کوردستانی عێراق بە کەڵک وەرگرتن لە \"مافی چارەی خۆنووسین\" بۆ داهاتووی خۆیان بڕیاریان داوە و لە کۆمەڵکوژی و زوڵم و زۆر ڕزگاریان بێت خۆشحاڵە و ئێمەش پشتیوانیی لەم بڕیارە دەکەین\".

ئێمە وەکوو چالاکانی خوێندکاریی لە زانکۆی ڕازی شاری کرماشان، ئەم بڕیارەی هاووڵاتییانی هەڕێمی کوردستان بە سەرچاوەگرتووی لە مافی ڕەوای نەتەوەی کورد لە عێراق لە دیاری کردنی مافی چارەی خۆنووسین و ئاکامی سروشتی بە هۆی ڕەوتێکی دوور و درێژی چەوساندنەوە و سەرنج دان بە داواکارییەکانی نەتەوەیی کورد لە عێراق ناوەزەد دەکەین\".

دەقی تەواوی ئەم ڕاگەیەندراوە لە بەشی فارسی دایە.