چافرۆشێکی دیکەی مەریوان پەیوەست به ڕیزی ژینگەپارێزانەوە بوو

15:19 - 5 رێبەندان 2718
ئاژانسی کوردپا: چافرۆشێکی دیکەی مەریوان لە کردەوەیەکی سەمبۆلیکدا و بە مەبەستی پاراستنی دارستانەکانی زاگرۆس، سووتەمەنی سەماوەرەکەی لە خەڵووزەوە بۆ گاز گۆڕی.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو به ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"خالید فەتحی\"، چافرۆشی مەریوانی، لە گەرەکی مزگەوتی \"هەژارە\"، بە مەبەستی پاراستنی ژینگە لە سەماوەرە خەڵووزییەکان کەڵک وەرناگرێت.

ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان، لەم بارەوە ڕاگەیاندووە: سەماوەرەکانی مەریوان یەک لە دوای یەک دەبنە هێمای جووڵانەوەیەکی نوێ لە پێناو پاراستنی ژینگەدا.

پاش لەنێوچوونی بەربڵاوی دارستانەکانی زاگرۆس، بەتایبەت لە مەریواندا، به هەوڵ و تێکۆشانی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان، چافرۆشەکانی ئەم شارە، ئامادەییی خۆیان بۆ کەڵکوەرگرتن لە گاز بۆ سەماوەرە خەڵووزییەکانیان دەربڕی.

هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی سێشەممە، ٤ی بەفرانبار، \" پدرام هێجرانی\"، یەکێک لەو لاوانەی کە لە زرێباری مەریواندا، چای دروستکراوی سەر خەڵووزی دەفرۆشت، به دروشمی \"نا بۆ لەنێوبردنی دارستانەکانی زاگرۆس\"، سەماوەرە خەڵووزییەکەی خۆی کرد به گوڵدانێک بۆ چاندنی بەڕوو و لەمەوبەدوا، لە سەر سەماوەری گازی چای ساز دەکات.

پاش ئەم کارە سەمبۆلیکەی \"پدرام هێجرانی\"، \" فاتح بادغەن\"، چافرۆشێکی دیکە، لە نزیکەی پارکی میللەتی مەریوان، سەماوەرەکەی خۆی کردە سەماوەری گازی و چووە ڕیزی ژینگەپارێزانەوە.

ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان هیوادارە، که هەموو ئەو کەسانەی که پیشە و کارەکانیان بە خەڵووز ئەنجام دەدەن، به زووترین کات، لە جیاتی خەڵووز، گاز بەکار بێنن.