چارەنووسی ئەندامێکی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان ناروونە

15:23 - 1 بەفرانبار 2714
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی خویندکاریی کوردی خەڵکی شاری مەریوان، کە دوو حەفتە پێش ئێستا لە شاری سنە و لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کرا، هەتا ئێستا هیچ هەواڵێک لە چارەنووسی لەبەردەستدا نییە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رێبوار کامرانی‌پوور کە رێکەوتی ١٩ی سەرماوەز پاش خۆناساندن بە ئیتلاعاتی شاری سنە، دەستبەسەر کرا ، چارەنووسی لە ناڕوونیدایە.

سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی کامرانی‌پوور، هەتا ئێستا هۆکاری دەستبەسەرکرانی ئەو چالاکە کوردە روون نەبۆتەوەو هیچ زانیارییەکیشیان لەمەڕ شوێنی راگرتنی رێبوار، پێ رانەگەیاندراوە.

\"23762.jpg\"
رێبوار کامرانی‌پوور، ماوەی ١٤ رۆژە چارەنووسی نادیارە
رێبوار کامرانی‌پوور خەڵکی شاری مەریوان و بەرپرسی پێشووی ئەنجومەنی \"هاورێ هەورام\" لە زانکۆی پەیام‌نووری شاری سنە و یەکێک لە ئەندامانی چالاکای ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوانەو سالی رابردوو سمینارێکی زانستیی لەژێر ناوی \"ژینگەو ژیان\" لەو زانکۆیەدا بەڕێوەبرد.

لە ماوەی رابردوودا بەرپرسی گشتیی حەراسەتی ئوستانی کوردستان و ستادی خەبەریی ئیتلاعاتی کوردستان وێڕای هەرەشەیان لە چالاکانی خوێندکاریی کورد کردبوو.

بەرپرسی گشتیی ئیتلاعاتی ئوستانی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا و بە بەشداریی بەرپرسی حەراسەتی ئوستان، سەبارەت بە چالاکیی سیاسی، هۆشداریی بەچالاکانی خوێندکاری دابوو، کە هەموو جووڵەو بزاوتێکیان کۆنترۆڵ دەکەن.