چارەنووسی گیراوێکی کورد ناڕوونە

14:16 - 13 بەفرانبار 2716
ئاژانسی کوردپا: لە دوای دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری قوروە بە ناوی \"سابیر نادری\"، تا ئیستا هیچ زانیارییەک لە چارەنووسی لەبەردەستدا نیه.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سابیر نادری هاووڵاتیی کورد لە دوای ئەوەیکە لە لایەن هێزی ئیتلاعاتی شاری قوروه‌وە دەستبەسەر کرا، تا ئێستا چارەنووسی ناڕوونە و هیچ زانیارییەک له شوێنی ڕاگیرانی لەبەردەستدا نیه.

یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی ناوبراو لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: سەرەڕای بەدوداچوون بۆ ئاگادربوون لە چارەنووسی ناوبراو، تا ئێستا له لایەن ئۆرگانە پێوەندییدارەکانی حکومەتەوە هیچ وڵامێکیان پێ نەداونەتەوە و نەیانتوانیوه هیچ زانیارییەک لە کۆڕەکەیان بەدەست بهێنن.

سابیر نادری ئەندازیاری نەرمەئامێر(Computer Software) و خەڵکی شاری قوروەیه کە ڕێکەوتی چواردەی سەرماوەزی ئەمساڵ، لە لایەن هێزی ئیتلاعاتی ئەم شارەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوازراوە. دوای تێپەڕبوونی مانگێک لەو ڕووداوە، بنەماڵەی ناوبراو تا ئێستا هیچ زانیارییەکیان لە ناوبراو نیه.

نادری لە ماڵەکەی خۆیدا له لایەن نزیک بە ٢٠ هێزی چەکداری ئیتلاعات دەستبەسەر کرا.

لە کاتی دەستبەسەرکردنی ناوبراوا چەند بەرگ پەرتووک و نامیلکە، سێ لەپ تاپ و مۆبایلی هەندێ لە ئەندامانی بنەماڵەی نادری دەستیان بەسەردا گیراوە.

ئەم لاوە، بەڕێوەبەری کۆمپانیایەکی کامپیۆترە و سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەی، لە هۆکاری گیران و تۆمەتی وەپاڵدراوی، زانیارییەکیان نیه.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە، زیاتر لە ٢٢٠ هاووڵاتیی کورد لە لایەن ناوەندە ئەمنیەتیی_ئینتزامییەکانەوە دەستبەسەر کراون کە چارەنووسی نیوەی ئەو دەستبەسەرکراونە بە ناڕوونی ماوەتەوە.

لینکی پەیوەندیدار:
بەڕێوەبەری کۆمپانیایەکی کامپیۆتر لە قوروە دەستبەسەر کرا