چارەنووسی چوار چالاکی سێنفیی مامۆستایانی دیواندەرە پاش ٧٠ ڕۆژ دەسبەسەری ناڕوونە

12:18 - 2 خەرمانان 2722

چارەنووسی ئومید شامحەممەدی، هیوا قوڕەیشی، پەرویز ئەحسەنی و کاوە محەممەدزادە لە ئەندامانی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان ـ دیواندەرە، پاش ٧٠ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانیان، هێشتا ناڕوونە.

ئەو چوار چالاکە سێنفییە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدان و سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو پەیوەندییەدا، بە کوردپای ڕاگەیاند: ئەو چوار مامۆستایە لە یەک مانگ پێشووەوە هەتا ئێستا هیچ پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان لەگەڵ بنەماڵەکەیان، نەبووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: ئەو چوار ئەندامەی مامۆستایانی کوردستان ـ دیواندەرە، لە کاتی دەسبەسەری هەتا ئێستا لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیان و دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، بێبەری کراون.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: دادگای ئینقلابی سنە، بۆ ئازادکردنی ئەو چوار چالاکە سێنفییە، بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنیی دیاری کردبوو و سەرەڕای دابینکردنی ئەو بارمتەیە، دادگا لە بڕیاری پێدانی نامە بۆ ئازادیی ئەوان خۆی بواردووە.

پێشتر، شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوی سێنفیی فەرهەنگییانی ئێران ڕایگەیاندووە کە ئەو چوار چالاکە سێنفییە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" تۆمەتبار کراون و بەپێی هەواڵە گەیشتووەکان، بۆ لێوەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، لە ژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکاندان.

ڕۆژی سێشەممە ٤ی گەلاوێژ، مامۆستایانی شاری دیواندەرە بە نیشانەی ناڕەزایەتی لە دەسبەسەرکردنی "ئومید شامحەممەدی"، "هیوا قوڕەیشی"، "پەرویز ئەحسەنی" و "کاوە محەممەدزادە"، لە ئەندامانی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - دیواندەرە، لە بەرانبەر ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان، کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی.

پاش بڵاوکردنەوەی بانگەوازی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە بەرانبەر ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان، ناوەندە ئەمنییەتییەکان هەڕەشەیان لە مامۆستایان کرد کە لە ئەگەری بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە، هەوڵی دەسبەسەری و سەرکوتیان دەدەن.

پاش بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی، هێزە ئەمنییەتییەکان دەستیان بە لێدان و بێڕێزی و جنێودان و بڵاوەپێکردنی فەرهەنگییان و بنەماڵەی مامۆستایانی زیندانی، بەتایبەت دایک و باوکی پیری ئەوان کرد.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی جۆزەردان، "ئومید شامحەممەدی"، "هیوا قوڕەیشی"، "پەرویز ئەحسەنی" و "کاوە محەممەدزادە"، لە ئەندامانی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - دیواندەرە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش دەسبەسەری بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزرابوون.

ئومید شامحەممەدی ڕۆژی دووشەممە ٢١ی خەزەڵوەری ساڵی ٩٧، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش ٤٠ ڕۆژ دەسبەسەری بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

دواتر ئەو چالاکە سێنفییە بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی" لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنەوە، بە ساڵێک زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: هیوا قوڕەیشی، پەرویز ئەحسەنی، ئومید شامحەممەدی و کاوە محەممەدزادە