چارەنووسی چالاکێکی کرێکاری لە گرتووخانە ناڕوونە

15:18 - 1 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: سەرەڕای تێپەڕینی زیاتر لە دوو حەوتوو بە سەر دەسبەسەرکرانی چالاکێکی کرێکاری کوردی خەڵکی شاری سنە، هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسی ئەو چالاکە کرێکارییە لە بەردەستدا نییە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرەڕای تێپەڕینی زیاتر لە دوو حەوتوو بە سەر دەسبەسەر کردنی \"زانیار دەباغیان\" چالاکی کرێکاری خەڵکی شاری سنە، لە چارەنووسی ناوبراو هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە و ئەمەش نیگەرانی لای بنەماڵەکەی لێکەوتووەتەوە.

بنەماڵەی ئەو چالاکە کرێکارییە کوردە چەند جارێک سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنەیان کردووە، بۆ ئاگادار بوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان، بەڵام هیچ وڵامێکی دڵخۆشکەریان لەو پەیوەندییەدا دەست نەکەوتووە.

هەروەها بنەماڵەی ئەو چالاکە کرێکارە کوردە، لە تۆمەتی ‌وەپاڵدراوی کوڕەکەیان بێ‌ئاگایی خۆیان دەربڕیوە.

ڕۆژی دووشەممە ١٦ ڕەزبەر، چالاکێکی کرێکاریی کورد، بە ناوی \"زانیار دەباغیان\" خەڵکی شاری سنە، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.