چارەنووسی چالاکێکی کرێکاریی کورد پاش سێ حەوتوو ناڕوونە

14:27 - 2 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: چالاكێکی کرێکاریی کوردی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری سنه، کە سێ حەوتووی ڕابردوو، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو، چارەنووسی ناڕوونە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پاش سێ حەوتوو لە دەسبەسەرکرانی چالاکێکی مەدەنیی کرێکاریی، خەڵکی گوندی \"سەرهوویە\" سەر بە ژاوەرۆی شاری سنە، چارەنووسی بە ناڕوونی ماوەتەوە.

شوناسی ئەو چالاکە مەدەنیی کرێکارییە بە ناوی \"ئەرەستوو مورادی\"، خەڵکی گوندی سەرهوویە ڕاگەیەندراوە.

\"\"
ئەرەستوو مورادی
ئەو چالاکە کوردە، سێ حەوتوو پێش لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی لە گوندی سەرهوویە، دەسبەسەر و بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە گوێزرایەوە و هەنووکە لە گرتووخانەی ئیدرای ئیتلاعاتدایە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ناڕوونیی چارەنووسی ئەو چالاکە کرێکارییە، پاش سێ حەوتوو، نیگەرانیی لای بنەماڵەکەی دروست کردووە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها دەڵێت: بەداواداچوونەکانی بنەماڵەی مورادی بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی ئەم چالاکە کوردە بێئاکام بووە و هێزە ئەمنییەتییەکان لە دانی هەر جۆرە زانیارییەک بە بنەماڵەی ناوبراو خۆ دەبوێرن.

لە حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا، سەرەڕای هێزە ئینتزامییەکان وەکوو ناوەندی فەرمی و بەرپرس لە دەسبەسەرکردن و بانگهێشتکردن، ڕێکخراوەکانی وەک ئیدارەی ئیتلاعات، سپا، بەسیج و هێزە خۆسەرەکان ناسراو بە لیباس شەخسییەکان کە سەر بەو ڕێکخراوە ئاماژەبۆکراوەن، دەسەڵاتی تەواویان لە دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان تەنانەت بەبێ بەڵگەی قەزایی هەیە.