چارەنووسی چالاکێکی مەدەنی ناڕوونە

13:57 - 19 رێبەندان 2716
ئاژانسی کوردپا: چارەنووسی چالاکێکی مەدەنی لە ناوچەی ژاوەرۆی شاری مەریوان کە نیزیک بە ٢٠ڕۆژ پێش لەلایەن ‌هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا بوو، هێشتا ناڕوونە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی بەفرانباری ١٣٩٥ی هەتاوی، هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێران هەڵیانکوتایە سەر گوندی ئەوێهەنگ لە ناوچەی ژاوەرۆی شاری مەریوان و هاووڵاتییەیەکی خەڵکی ئەو گوندەیان دەستبەسەرو بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواست.

لە مانگی ڕابردوودا، هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، بەبێ بەڵگە و هیچ چەشنە زانیارییەک سەبارەت بە دەستبەسەر کردنی ناوبراو، ئەو چالاکە مەدەنییەیان دەستبەسەر کرد.

سەرچاوەی هەواڵ لە ژاوەرۆی مەریوان لەو بارەوە بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: لە ماوەی ئەم ٢٠ ڕۆژەدا، بنەماڵە و کەس وکاری سیروان چەند جارێک سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتییان لە شاری مەریوان کردووە، بۆ ئاگادار بوون لە هەمبەر چارەنووسی ئەو چالاکە مەدەنییە، بەڵام هەوڵەکانیان بێ ئاکام ماوەتەوە.

\"\"
سیروان گوڵزاری
ئەو سەرچاوەیە ئەوەیشی ئاشکرا کردووە کە؛ ماوەیەک پێش ئێستا بە هۆی ڕووداوێکەوە لاقی سیروان گوڵزاری بە سەختی شکاوە و پلاتینی بۆ داندراوە و بەو بۆنەیەوە لە ژێر چاوەدێریی توندی پزیشکیدا بووە، و دەستبەسەرکران و بێسەروشوێن بوونی بەم شێوەیە نیگەرانیی بنەماڵەکەی چەند قات زێدەتر کردووە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو؛ سیروان بەردەوام لاوانی ئەو ناوچەیەی بۆ چالاکیی وەرزشی و خۆپاراستن لە بەکارهێنانی ماددە سڕکەرەکان و هاوکات پاراستی ژینگە و پەروەردەی زمانی کوردی هان داوە\".

ئەو چالاکە مەدەنییە ساڵانێکە کە لە ئەوێهەنگ و ناوچەی ژاوەرۆ بە گشتی، لە بوارەکانی وەرزش و ژینگەپارێزی و زمانی کوردیدا چالاکیی جۆراوجۆری ئەنجام داوە.

سیروان گوڵزاری خێزاندار و خاوەنی کوڕێکی تەمەن ٧ ساڵ و کچێکی تەمەن ٦ ساڵەیە.

لینکی‌ پەیوەندیدار:
چالاکێکی مەدەنی لە ژاوەرۆی مەریوان دەستبەسەر کرا