چارەنووسی چالاکێکی مەدەنیی پاش دەسبەسەرکرانی ناڕوونە

21:39 - 14 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکان لە دانی وڵامێکی ڕوون لە پەیوەندی لەگەڵ چارەنووسی چالاکێکی مەدەنیی کورد، خەڵکی شاری بۆکان خۆیان دەبوێرن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە چارەنووسی چالاکێکی مەدەنیی بۆکانی بە ناوی \"ئەنوەر عەرەب\" پاش دەسبەسەرکرانی هیچ زانیارییەک نییە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە هەواڵنێری کوردپا لە شاری بۆکان ڕایگەیاند: \"بنەماڵەی عەرەب بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان سەردانی ناوەندە ئیتلاعاتییەکانیان کردوە، بەڵام لەو بارەیەوە هیچ وڵامێکی ڕوونیان وەرنەگرتووە\".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: \"هێزە ئیتلاعاتییەکان بە بنەماڵەی عەرەبیان گوتووە کە ئەگەری هەیە کوڕەکەیان بۆ ئێدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ گوازرابێتەوە\".

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەنوەر عەرەب بە تۆمەتی \"تەبانی و پڕۆپاگەندە دژی نیزام لە دونیای مەجازی و ناڕەزایەتی لە هەمبەر کوشتنی کۆڵبەران و دەرکردنی حکومی ئێعدامی ڕامین حوسێن‌پەناهی\" دەسبەسەر کراوە.

ڕۆژی سێشەممە ١٢ی پووشپەڕ، \"ئەنوەر عەرەب\" تەمەن ٣٣ ساڵ لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای شاری بۆکان دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

ئەنوەر عەرەب، ئەندامی ئەنجومەنی ئەدەبیی شاری بۆکان و لیسانسی مێعماری هەیە.