چارەنووسی ١٧ هاووڵاتیی بەهائی ناڕوونە

15:13 - 8 سەرماوەز 2715
ئاژانسی کوردپا: ناوەندە ئەمنی و قەزاییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە دانی زانیاری سەبارەت بە گیراوانی بەهائی لە سێ شار خۆ دەبوێرن.

بەپێی هەواڵەکانی ناوخۆی ئێران، چارەنووسی حەڤدە هاووڵاتیی پەیڕەوی بەهائیەت، یەک لەوان نەوید ئەقدەسی، نادیارە و بنەماڵەکانیان لە دۆخی ئەوان بێخەبەرن. ئەو کەسانە ڕۆژی یەکشەممەی ٢٤ی خەزەڵوەر لە شارەکانی تاران، مەشهەد و ئەسفەهان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە.

سەبارەت بە دۆخی نەوید ئەقدەسی، هێرانا لە زاری یەکێک لە خزمانی ناوبراوەوە ڕایگەیاندووە: نەوید بە هۆی پەیجۆر بوونی کوشتنی کوڕە پوورەکەی لە لایەن مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە، گیراوە.

هەروەها وتراوە کە عەتا ڕزوانی کوڕە پووری نەوید ئەقدەسی کە خەرمانان ساڵی ڕابڕدوو بە شێوەی گۆماناوی کوژراوە، چەندین جار لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی بەندەر عەباسەوە هەڕەشەی لێکراوە.

عەتا ڕزوانی و نەوید ئەقدەسی کە خزمی یەکترن، پەیڕەوی ئایینی بەهائیەتن و چەندین جاریش پێشنوێژی هەینیی بەندەر عەباس ڕاستەوخۆ بێ‏ڕێزیی بەو دینە کردووە.

تا ئێستاش ٤ کەس لە خزمانی بنەماڵەی ڕزوانی و ئەقدەسی هەڕەشەیان لێ‏کراوە و بۆ ماوەیەکیش دەستبەسەر و پاشان ئازاد کراون.

لە دوای شۆڕشی ساڵی ٥٧، بەهائیەت بە شێوەی سیستماتیک کەوتە بەر هەڕەشە و لایەنگرانی دەستبەسەر و لە هەموو مافێکی یاسایی بێ‏بەش کراون.