چارەنووسی نادیاری حوسێن پەناهی/ بڕیارە ئەو زیندانییە سیاسییە بۆ زیندانی گشتی بگوازرێتەوە

13:31 - 5 رەزبەر 2712
ئاژانسی كوردپا: دوای تێپەڕینی زیاتر لە 10 رۆژ لە نادیار بوونی چارەنووسی ئەنوەر حوسێن پەناهی، بڕیارە ئەو زیندانییە سیاسییە رۆژی پێنجشەممە رەوانەی زیندانی گشتیی شاری سنە بكرێتەوە.

ئەو هەواڵە لەزاری پەروانە حوسێن پەناهی خوشكی ئەو هاووڵاتییە دەستبەسەر كراوەوە بڵاو بۆتەوە و وتیشی: دوای بەدواداچوونێكی زۆر بە پرسی نادیار بوونی چارەنووسی براكەمان، لێپرسراوی زیندانی شاری سنە رایگەیاندووە رۆژی پێنجشەممە ئەنوەر رەوانەی ئەو زیندانە دەكرێتەوە.

كەمپەینی بەرگری لە زیندانیانی سیاسیی بڵاوی كردەوە، پەروانە لەو باوەڕە دایە كە وەزارەتی ئیتلاعات لە هەوڵی ساز كردنی دۆسیەكەی تازە بەدژی ئەنوەر حوسێن پەناهی‌ دایە.

ئەنوەر حوسێن پەناهی پاش 5 ساڵ زیندانی رێكەوتی 18ی گەلاوێژ بۆ ماوەی 8 رۆژ لەلایەن دەزگای قەزاییەوە مورەخەسیی پێدرا و سەردانی بنەماڵەكەی كرد و دوای یەك مانگ گەڕانەوەی بۆ زیندان رێكەوتی 26ی خەرمانان لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بانگهێشت كراوە و لەو كاتەوە هەتا ئێستا چارەنووسی نادیارە.

ئەنورە حوسێن پەناهی چالاكی سیاسی و خەڵكی گوندی \"قوڕووچیا\"ی سەر بە شاری دێگولان بە تاوانی هاوكاری لەگەڵ یەكێك لە حیزبەكانی ئۆپۆزیسیۆنی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران بە 16 ساڵ زیندانی تەعزیری مەحكووم كراوە و ئێستا ماوەی 5 ساڵە لە زیندانی ناوەندیی شاری سنە دەستبەسەرە.