چارەنووسی مامۆستایەکی دەسبەسەرکراو، ناڕوونە

15:31 - 21 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: لە چارەنووسی مامۆستایەکی دەسبەسەرکراوی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد، هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، مامۆستایەکی کورد بە ناوی \"یاسر ئەمینی‌زادە\"، کوڕی ئەحمەد، مامۆستای یەکێک لە قوتابخانەکانی شاری مەهاباد، سەرەڕای چوار ڕۆژ بە سەر دەسبەسەرکرانی، هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.

ڕۆژی سێشەممە، ١٧ی بانەمەڕ، ئەو مامۆستا کوردە، پاش چوونە دەرەوە لە قوتابخانە، لە لایەن مەئموورانی هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

یەکێک لە نزیکانی ئەو مامۆستا کوردە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: ڕۆژی پێنجشەممە، ٥ی بانەمەڕ، بەڵگەی تاوانەکانی لە لایەن بەرپرسی هەیئەتی پێراگەیشتن بە سەرپێچییەکانی ئیدارەی گشتیی پەروەردە و بارهێنانی شاری ورمێ، بەو مامۆستا کوردە، دراوە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە وتی: \"ئەو مامۆستا کوردە،بە هۆی ئەوەی کە قوتابییانی هانداوە کە قوتابخانەکانیان لە ڕەوتی مانگرتنی مانگی ڕەشەممەی ساڵی ٩٧دا دابخەن و هەروەها مامۆستایانی هانداوە کە بەشداری لە مانگرتنی مامۆستایان، وەکوو بەڕێوەبەری قوتابخانە دواناوەندییەکانی پەروەردە و بارهێنانی شاری مەهاباد بکەن، تاوانبار کراوە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو مامۆستا کوردە، دەبێت لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا، بەڵگەی داکۆکیی خۆی بە شێوەی نووسراوە ڕادەستی ئیدارەی گشتیی پەروەردە و بارهێنانی شاری ورمێ بکات.

پێشتریش، ئەو مامۆستا کوردە، لە ڕێکەوتی ٢١ی خەزەڵوەری ساڵی ٩٧دا، بە هۆی مانگرتنی سەرەتاسەریی مامۆستایان، بانگهێشتی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شاری مەهاباد کرابوو و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کردبوو.

\"\"