چارەنووسی سێ خوێندکاری کوردی دەسبەسەرکراو لە شیراز ناڕوونە

14:16 - 18 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: چارەنووسی سێ خوێندکاری کورد پاش دەسبەسەر کرانیان لە شاری شیراز، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە ناڕوونە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سێ خوێندکاری کورد، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١١ی بەفرانبار، لە شاری شیراز لە کاتی خۆپیشاندانە خەڵکییەکان، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کران کە تا ئێستا هیچ زانیارییەک لە چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.

شوناسی ئەو سێ خوێندکارە کوردە بریتییە لە: \"کورش حەقیقی، خوێندکاری عۆمران کوڕی محەممەد خەڵکی بوکان، شەماڵ خوسرەوی، خوێندکاری عۆمران کوڕی حوسێن خەڵکی شاری سەقز و حیسام رەشیدزادە، خوێندکاری مودیریەتی بازرگانی خەڵکی بۆکان.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، ئەو سێ خوێندکارە کوردە لە گرتووخانەدان و لە شوێنی ڕاگرتنیان هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

هەروەها، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٣ی بەفرانبار، خوێندکارێکی کورد بە ناوی \"سالار موبارەکی\" تەمەن ٢٤ ساڵ خوێندکاری بەشی ژمێریاریی زانکۆی ڕەشت لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لە م شارە دەسبەسەر کرا.

لە دەسپێکی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان لە ئێران و کوردستان، ژمارەیەک لە خوێندکارانی کورد بە تۆمەتی\"بەشداری لە ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان\" لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ گرتووخانە ڕاگوێزراون.

زۆربەی خوێندکارانی دەستبەسەر کراو دوور لە زانکۆ و هەروەها ژمارەیەک لەو خوێندکارانە لە ماڵەکانی خۆیان دەسبەسەر کراون.