چارەنووسی زیندانییەکی کورد ناڕوونە

14:19 - 7 رێبەندان 2712
ئاژانسی کوردپا: ماوەی ٥ رۆژە لە چارەنووسی زیندانییەکی کوردی خەڵکی سەقز هیچ هەواڵێک لەبەر دەستدا نییە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، زیندانییەکی کورد بە ناوی \"نامیق مەحموودی\"، ٥ رۆژ پێش ئێستا لەلایەن بەرپرسانی زیندانی \"رەجایی شاری کەرەج\"ـەوە بانگهێشت کراوە و هەتا ئێستا نەگەڕاوەتەوە بۆ ناو زیندان.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی \"رەجایی شاری کەرەج\" بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەو زیندانییە کوردە بە مەبەستی لێپرسینەوە و بازجوویی بۆ ناوەندە ئەمنیەتییەکان راگوێزرابێت.

ئەو سەرچاوەیە ئاشکرای کرد، نامیق مەحموودی تۆمەتی راگرتنی چەک و تەقەمەنی دراوەتە پاڵ و لە کاتی دەستبەسەر کرانییەوە هەتا ئێستا دادگایی نەکراوە و هەروەها پێشتریش ماوەی ٦ مانگ لە بەندی ٢٠٩ی ئێڤین لە دەستبەسەریدا بووە.

نامیق مەحموودی تەمەن ٧٢ ساڵ و خەڵکی گوندی \"ئێرانشا\"ی تیلەکۆی سەربە شاری سەقزە کە رێکەوتی ١٧ی خاکەلێوەی ١٣٩٠ هاوڕێ لەگەڵ ٣ کوڕی خۆی بە ناوەکانی \"مەنووچێهر، بێهنام و بێهزاد\" و کەسێکی دیکەی ئەو گوندە بە ناوی \"عوسمان قادری\" لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی سەقزەوە دەستبەسەر کران.