چارەنووسی زیندانییەکی کورد دوای نزیک به ٥ مانگ لە دەسبەسەرکرانی ناڕوونه

21:50 - 5 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری مەریوان کە نزیک بە ١٥٠ ڕۆژ لە دەسبەسەر کردنی لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە تێدەپەڕێ،، چارەنووسی ناڕوونە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"تەحسین دادڕەس\"، هاووڵاتییەکی زیندانیی کورد خەڵکی گوندی \"سەردۆش\"ـی شاری مەریوان، کە ڕۆژی ٩ی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا، هەنوکە چارەنووسی لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنەدا ناڕوونە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زاری یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی دادڕەس بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: \"تەحسین دادڕەس لەو ماوەیەدا کە دەسبەسەر کراوە، ئیزنی چاوپێکەوتنی لەگەڵ بنەماڵەکەیەوە پێی نەدراوە\".

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، تەنانەت هێزە ئەمنییەتییەکان ئیزنی گرتنی پارێزەریشیان بۆ دۆسیەی ئەو هاووڵاتییە زیندانییە کوردە بە بنەماڵەکەی نەداوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها لە درێژەدا گوتی: \"سەرەڕای چەند جار بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو زیندانییە کوردە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان، هێزە ئەمنییەتییەکان لە دانی هەر جۆڕە زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە کوردە خۆ دەبوێرن\".

ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو، ئەم هاووڵاتییە کوردە، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری مەریوانەوە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران دەسبەسەر کرا.