چارەنووسی دوو چالاكی خوێندكاریی بەندكراو لە مەریوان ناڕوونە

14:22 - 21 پووشپەڕ 2712
ئاژانسی كوردپا: دوو چالاكی خوێندكاریی كوردی خەڵكی مەریوان كە چوار رۆژ لەمەوپێش لە شوێنی كارەكەیان لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەكانەوە دەستبەسەر كراون، هەتا ئێستا چارەنووسیان روون نەبۆتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، عوبەید زارعی و علی تاسە دوو چالاكی خوێندكاری ئێوارەی رۆژی شەممە رێكەوتی 17ی پووشپەڕ لە شوێنی كارەكەیان واتە \"كافی نێتی رۆژ\" لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەكانی مەریوانەوە دەستبەسەر و پاش پشكنینی شوێنی كارەكەیان دەست بەسەر دوو كەیسی كۆمپیۆتێردا دەگرن و و ئەو دوو هاووڵاتییە رەوانەی ئیدارەی ئیتلاعاتیان دەكەن.

هەتا ئێستا هۆكاری گیرانی ئەو دوو چالاكە خوێندكارییە ئاشكرا نەكراوە.

هەواڵنێری كوردپا لەزاری كەسانی ئاگادارەوە ئاشكرای كردووە لە ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان كە ماوەی چەندین كاتژمێر لێكۆڵینەوەیان لێكردوون و دواتر كاتژمێر 1ی شەوی یەكشەممە هێزێكی زۆری ئیتلاعاتی رژاونەتە ناو ماڵی عوبەید زارعی و عەلی تاسە و بە وردی ماڵەكانیان پشكنیوە و دوو لابتۆپیان لەگەڵ خۆیان بردووە و ئەمەش بۆتە هۆی ناڕەزایەتیی بنەماڵەی ئەو دوو خوێندكارە گیراوە.
\"5217.jpg\"
لە درێژەی راپۆرتەكەی هەواڵنێری كوردپادا هاتووە، ئیدارەی ئیتلاعات بە بنەماڵەی ئەو دوو گیراوەیان راگەیاندووە كە بەبێ‌ ئیزنی ئیتلاعات كەس بۆی نیە شوێنی كارەكەیان بكاتەوە.

بە وتەی بنەماڵەی ئەو دوو چالاكە خوێندكارییە رێكەوتی 19ی پووشپەڕ بۆ ماوەیەكی كاتی رەوانەی دادگای ئینقلابی شاری مەریوان كراون و لەو كاتەوە هەتا بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە چارەنووس و شوێنی راگیرانیان زانیارییەك لەبەر دەستدا نیە و نەیانهێشتووە چاویان بە بنەماڵەكانیان بكەوێت.

لە ماوەی چەند حەفتەی رابردوودا لە چەند كاتی جیاجیادا شەش هاووڵاتیی خەڵكی گوندی \"نێ‌\"ی سەر بە شاری مەریوانیش دەستبەسەر و رەوانەی زیندان كراون.