چارەنووسی دوو چالاكیی فەرهەنگی ـ خوێندكاریی دەستبەسەركراوی كورد نادیارە

15:45 - 26 رەزبەر 2714
ئاژانسی كوردپا: دوو چالاكی فەرهەنگی ـ خوێندكاریی كورد كە ماوەی١٠ رۆژ لەمەوبەر لە خۆپیشاندانەكانی پشتیوانی شاری تاران لەكۆبانی دەستبەسەر كراون، چارەنووسیان ناڕوونە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، ئاسۆ رۆستەمی و عەلی نووری رێكەوتی ١٦‌ی رەزبەر دوای خۆپیشاندانی كوردەكانی تاران لەكۆبانی لە بەردەم دەفتەری نوێنەرایەتی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان لەتاران، لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانەوە دەستبەسەر كران.

یەكێك لەنزیكانی ئاسۆ رۆستەمی رایگەیاندووە، لەماوەی ئەو ١٠ رۆژەدا هیچ زانیارییەك لەلایەن ناوەندە پێوەندیدارەكانەوە لەمەڕ ئەو خوێندكارە كوردە بەئێمە نەدراوە.

\"22734.jpg\"
چارەنووسی ئاسۆ رۆستەمی و عەلی نووری ناڕوونە
لەو بارەیەوە هەواڵدەریی هێرانا بڵاوی كردبوویەوە، عەلی نووری یەكێكی دیكە لەدەستبەسەركراوەكانە كە لەوماوەی ئەو ١٠ رۆژەدا تەنیا یەك جار بە تەلەفوونی قسەی لەگەڵ بنەماڵەكی كردووە.

هەتا ئێستا هۆكاری دەستبەسەركردنی ئەو دوو هاووڵاتییە نەزانراوە.

ئاسۆ رۆستەمی تەمەنی ٢٨ ساڵە و شاعیر، مامۆستا و چالاكی مافی منداڵانیشە و عەلی نووری ٢١ ساڵی تەمەنە و خوێندكاری مێعماری زانكۆی \"پەرەند\"‌ـە.

ئەو دوو هاووڵاتییە هاوكات لەبواری خوێندكاریشدا چالاكن.