چارەنووسی دوو هاووڵاتیی کورد لە ئیتلاعاتی مەریوان ناڕوونە

15:14 - 11 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان لە وڵامدانەوەی دوو بنەماڵەی هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی کورد، خۆدەبوێرێ.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٨ی جۆزەردان، سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی \"ئەمجەد قادری\" کوڕێ ئەحمەد، شاهۆ سوورەیی، کوڕی محەممەد و مووسا یووسفی کوڕی سەید عەلی\" خەڵکی گوندی \"چۆڕ\"ی شاری مەریوان لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

یەکێک لە دانیشتوانی گوندی \"چۆڕ\" بە هەواڵنێری کوردپا لە شاری مەریوان ڕایگەیاند: \"ئەمجەد قادری و مووسا یووسفی لە گرتووخانەی هێزە ئیتلاعاتییەکان دان و شاهۆ سوورەیی بە دانانی بارمتە لە گرتووخانە ئازاد کراوە\".

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، سەرەڕای بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی قادری و یووسفی، بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکانیان، هیچ زانیارییەکیان لە چارەنووسی کوڕەکانیان نییە.

ئەوە سەڕچاوەیە هەروەها دەڵێت: \"هێزە ئیتلاعاتییەکان لە وڵامدانەوەی بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، خۆ دەبوێرن\".

دەوترێ، ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە بە تۆمەتی \"چالاکیی سیاسی\" لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراون.