چارەنووسی دوو لاوی کورد لە ئیتلاعاتی کوردستان ناڕوونە

14:11 - 2 سەرماوەز 2716
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی ئیتلاعاتی شارەکانی سەقز و کرماشان لە وڵامدانەوە بۆ بەدواداچوونی بنەماڵەی دوو هاووڵاتیی دەستبەسەر کراو خۆیان دەبوێرن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کۆتایی حەوتووی ڕابردوو لە شاری سەقز لاوێکی تەمەن ٣٠ ساڵ بە ناوی هێمن حوسێنی لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.

ناوبراو لە کاتی گەڕانەوە لە شاری بانە بۆ سەقز دەستبەسەر کراوە.

بەدواداچوونی ئەندامانی بنەماڵەی حوسێنی بە ستادی خەبەری ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز بۆ ڕوون بوونەوەی چارەنووسی کوڕەکەیان بێ ئاکام بووە.

\"٣٠
٣٠ مانگ نارڕوونی چارەنوسی سەیوان ڕحیمی
هەر لەو پەیوەندییەدا هەواڵنێری کوردپا باسی لە ناڕوونی چارەنووسی لاوێکی تەمەن ٢٨ ساڵ لە زیندانی دیزڵ ئاوای شاری کرماشان کرد.

سەیوان ڕحیمی شوناسی ئەو هاووڵاتییەی خەڵکی گوندی \"نگڵ\" سەر بە شاری سنەیە کە چارەنووسی ناوبراو لە مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی هەتا ئێستا بە ناڕوونی ماوتەوە.

ڕاپۆرتی نێردراو باسی لەوە دەکات کە ئیدارەی ئیتلاعات لە دانی هەر جۆرە وەڵامێک سەبارەت بە هۆ و تۆمەتی وەپاڵ دراوی ئەو لاوە بە بنەماڵەکەی و تەنانەت بە پارێزەرەکەی خۆ دەبوێرێ.

ئیدارەی ئیتلاعات بەبێ بەڵگە و موڵەتی دەزگای قەزایی هەوڵی زیندانی کردنی ئەو دوو هاووڵاتییەی داوە و هەروەها لە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی دادگای ئەو دوو هاووڵاتییە دەستێوەردان دەکات.

سیستمی دادوەری لە ئێران لە لایەن ناوەندە نێونەتەوەییەکانی داکۆکی لە مافی مرۆڤەوە چەندین جار بە توندی ڕەخنەی لێ گیراوە.