چارەنووسی خەبات مەنگوڕی پاش یەک مانگ دەستبەسەری ناڕوونە

15:55 - 3 بەفرانبار 2714
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی مەدەنیی کورد کە مانگێک پێش ئێستا لەلایەن حیفازەت ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا، چارەنووسی بە ناڕوونیی ماوەتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەرپرسی ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی مەهاباد و یەکێک لە چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزیی کوردستان لە شاری مەهاباد، کە رۆژی ٢ی سەرماوەز لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا، هیچ هەواڵێک لە چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.

خەبات مەنگوڕی تەمەن ٣٠ ساڵ و کوڕی سلێمان، سەبارەت بە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی چالاکانی مەدەنیی کورد بە سووکایەتیی ناوەندی دەنگ و رەنگی مەهاباد بە حەسەن زیرەک هونەرمەندی ناوداری کورد لەو شارەدا دەستبەسەر کرابوو.

\"23794.jpg\"
خەبات مەنگوری، بەرپرسی ئەنجومەنی ژینگەپاریزیی مەهاباد و یەکێک لە چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزیی کوردستان
ئەو چالاکە کوردە، کە لەلایەن هێزەکانی سەربە حیفازەت ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرابوو، دەستبەجێ بۆ ناوەندە ئەمنییەکانی شاری ورمێ گوازرابوویەوە.

هەتا ئێستا هۆکاری دەستبەسەرکران و تۆمەتی وەپاڵدراو بەو چالاکە رانەگەیەندراوە، بەڵام دەگوترێ ئەو چالاکە بە \"هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی\" تۆمەتبار کراوە.

ناوەندی دەنگ و رەنگی مەهاباد نزیک بە مانگێک لەمەوبەر لە راپرسییەکدا هونەرمەندی کورد حەسەن زیرەکی لە تەنیشت دوو گۆرانیبێژی فارس زمان، سەبارەت بە رادەی خۆشەویستیی سێ هونەرمەندە لە ناو خەڵکدا بڵاو کردەوە، کە ئەم کارە دژکردەوەی توندی لای چالاکانی مەدەنی و هونەرمەندانی کورد دروست کرد و وەکوو سووکایەتی کردن بە حەسەن زیرەک و پلانی ئامانجداری حکوومەتی ئیسلامییان لە قەڵەمیان دا.

پێشتریش خەبات مەنگوری بەهۆی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکانی پشتیوانی لە خەڵکی کۆبانی، بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر لە ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد دەستبەسەر و لێپێچینەوەی لێکرابوو.