پەیكەری مەستوورەی ئەردەڵان شاعیری كورد لە شاری سنە پەردەی لەسەر لادرا

13:41 - 28 سەرماوەز 2711
كوردپا: پەیكەری مەستوورەی ئەردەڵان شاعێری ناوداری كورد، بەرهەمی هادی زیائەدینی هونەرمەندی پەیكەرتاشی ناوداری كورد لە بلواری خەندەق لە شاری سنە پەردەی لەسەر لادرا.

هەواڵدەریی ئیرنا لە هەواڵێكدا بڵاوی كردەوە، بە هاوكاریی شاەروانیی سنە و بە مەبەستی ناساندنی كەسایەتییە فەرهەنگی و مێژووییەكانی كوردستان پەیكەری \"ماە شەرەف خانم\" ناسراو بە مەستوورەی ئەردەڵان ژنە شاعێری ناواری كورد و یەكەم ژنی مێژوو نووسی جیهانی ئیسلام پەیكەرێكی بۆ ساز كراوە.

\"hadi.jpg\"
هادی زیائەدینی هونەرمەندی پەیكەرتاشی ناوداری كورد

لە رێوڕەسمی پەردە لادان لەو پەیكەرەدا ئەندازیار حیسام شەریعەتی، شارەداری سنە دەست خۆشی و سپاسی هادی زیائەدینی هونەرمەندی پەیكەرتاش كرد كەلە راستای جوانتر كردنی سیمای شار و ناساندنی كەسایەتییە فەرهەنگی و ئەدەبییەكانی كوردستاندا رۆڵی بەرچاوی هەبووە.

هادی زیائەدینی كە بۆ خۆی لەو رێوڕەسمەدا بەشدار بوو، وتی: بەرزیی ئەو پەیكەرە نزیك بە چوار میترە و لە جۆری بوتونە و ساز كردنەكەی یەك ساڵی خایاندووە و هەروەها سپاسی خەڵكی بە ئەمەگی كوردستانی كرد و وتی، باشترین هۆكارن بۆ هاندانی من بۆ درێژەدان بە كاری فەرهەنگی و هەوڵی هونەرمەندانی بۆ ناساندنی فەرهەنگ و شارستانیەتی ناوچە بە كارێكی زەرووری وەسف كرد و پێداگریی لەسەر كرد.
دوو ساڵ لەمەوبەریش بە یارمەتیی وەرزارتی رۆشنبیری و لاوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە جەریانی فێستیڤاڵی مەستوورەدا لە شاری هەولێر پەیكەرێكی دیكەی مەستوورە ئەردەڵان لە شاری هەولێر كە ئەویش بەرهەمی هادی زیائەدینی بوو، پەردەی لەسەر لادرا.

\"mastora.jpg\"
پەیكەری \"ماە شەرەف خانم\" ناسراو بە مەستوورەی ئەردەڵان ژنە شاعێری ناواری كورد

ماە شەرف خانم قادری (مەستوورەی ئەردەڵان) شاعیر، نووسەر و یەكەم ژنی مێژوونووسی جیهانە لە بنەماڵەی ئەردەڵانەكانی سنە كە ساڵی 1184ی هەتاوی (1805 ی زایینی ) لە شاری سنە ناوەندی حكوومەتی ئەردەڵانەكان لەدایك بووە و ساڵی 1227ی هەتاوی لە تەمەنی لاوەیەتیدا مردووە و لە گۆڕستانی گردی سەیوان لە شاری سلێمانی نێژراوە.

مەستوورە زمانەكانی كوردی، فارسی و عەرەبیی زانیوە و لە ماوەی ژیانیدا بە دوو زمانی كوردی و فارسی شێعری نووسیوە و مێژووی بنەماڵەی ئەردەڵانیشی نووسیوە.

كۆمەڵێك لە بەرهەمەكانی لەلایەن وەزرارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە چاپ و بڵاو كراوەتەوە.