پەیکەرەی مامۆستا قانع لە مەریوان نێژرا

15:37 - 4 بانەمەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: هونەرمەندێکی پاوەیی بە ناشتنی پەیکەرەی شاعیرێکی کورد، ناڕەزایەتی بەرانبەر بە کاربەدەستانی مەریوان نیشان‏دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ڕابردوو، هونەرمەند بەشیر ناسری وەک ناڕەزایەتی دەربڕینێک بەرانبەر بە کردەوەکانی تایبەت بە جوانیناسیی و \"ڕازاندنەوەی شار\" لە مەریوان، پەیکەرەی مامۆستا قانع( ١٨٩٨ ــ ١٩٦٥)ـی کردە ژێر خاکەوە.

ڕازاندنەوەی شار(مبلمان شهری) بە سەرجەمی ئەو کەرەستە، کەلوپەل، هێما، دەزگا، فەزا و ئەو توخمانە دەوترێت کە لە شەقام و شوێنە گشتییەکان بۆ کەڵکی گشتیی دانراون.

\"\"ئەو هونەرمەندە، هاوکات لەگەڵ ناشتنی پەیکەرەی قانعی شاعیر، نەمامێکی لەگەڵ چاندووە و پێشکەشی خاکی مەریوانی کردووە.

سەبارەت بەو کارە، بەشیر ناسری لە لاپەڕەی فەیسبووکی خۆیدا نووسیویەتی: \"دوو ساڵە پەیکەرەی شاعیری مەزنی کورد، \"مامۆستا قانع\"ـم تاشیوە و بەتەما بووم بە تێچووی خۆمەوە بیگوازمەوە بۆ مەریوان، لەبەر ئەوەیکە هەرجار دیمەنی ناحەز و پەیکەرەی نەگونجاوم لەو شارە دەبینی\".

ناوبراو لە درێژەدا، بەرپرسانی حکوومەتی و بەتایبەتی شارەوانیی مەریوانی بە \"کەمتەرخەم\" لەهەمبەر هونەرمەندانی ئەو شارە لەقەڵەم دەدات و ئەو دۆخە بە \"کارەسات\" ناودەبا.

پێشتر و لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٣٩٣ هەتاوی، یەکێ لە هونەرمەندانی بۆکان بەناوی کەماڵ عەزیزی لە هەڵوێستێکی هاوشێوەدا، \"ماكت\"‌ی تەختی سلێمانی لە بەر چاوی گشتی ئاگر تێ‏بەردا.

هونەرمەند بەشیر ناسری لەدایکبووی گوندی \"خانەگا\"ـی سەربە پاوەیە و خوێندنی لە بواری هونەر لە زانستگەی هونەری تاراندا تەواو کردووە و ماوەی چەندین ساڵە لە بواری شێوەکاری‏دا، چالاکی دەکات و خاوەنی چەندین بەرهەمی هونەرییە کە گرینگترینیان بریتین لە؛ سەرديسی هونەرمەندان مەزهەر خالقی، شێرکۆ بێکەس، خاڵۆ حسەین کۆهکەن، مامۆستا هەژار، مەولەویی کورد و ...هتد.

تا ئێستا ٢ بەرهەم لە پەیکەرەکانی بەشیر ناسری، کە بریتین لە پەیکەرەکانی مەولەویی کورد و میرزا عەبدولقادر پاوەیی، لە گۆڕەپانەکانی شاری پاوەدا دانراون.

لینكی پێوەندیدار:
بۆكان/ هونەرمەندێکی کورد یەكێک لەبەرهەمە بەنرخەكانی سووتاند
پەیکەرێک بۆ پیرەمێرد لە پاوە ساز کرا