پەیکەری شێخ ئەحمەدی کۆڕ و سیامەند ڕەحمان لە شنۆ دانرا

22:33 - 20 رێبەندان 2716
ئاژانسی کوردپا: بۆ ڕێزگرتن لە کەسانی ناوداری نەتەوەی کورد، پەیکەری شاعیر ئەحمەدی کۆڕ و وەرزشوانی کورد سیامەند ڕەحمان لە شنۆ دانرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ڕێوڕەسمێکدا بۆ ڕێزگرتن لە شاعیری کورد \"شێخ ئەحمەدی کۆڕ\" و وەرزشوانی بەناوبانگی جیهان \"سیامەند ڕەحمان\"، پەیکەری ئەو دوو کەسە لە شاری شنۆ ڕوونوێنی کرا.

شێخ ئەحمەدی کۆڕ ساڵی ١٢٢٦ی هەتاوی لە شاری شنۆ لەدایک بووە و ساڵی ١٢٨٦ی ھەتاوی لە شاری بۆکان ماڵئاوایی لە ژیان کردووە.

ئەحمەدی کۆڕ لە گوندی \"شێوە سماک\"ی سەر بە شاری شنۆ لەدایک بووە و لە ناوچەی بۆکان گیرساوەتەوە و تا کۆتایی ژیانی لە گوندی \"عەمبار\"ی بۆکان بووە.

شێعرکانی شێخ ئەحمەد، ھەردوو توخمی کرمانجیی ژوورو و خوارووی تێدایە و لەژێر کاریگەریی ئەدەبی عەرەب و عەجەمدا بووە و ئایین له شێعرەکانیدا بە جوانی ڕەنگی داوەتەوە.

دیوان و ژیاننامەی شێخ ئەحمەدی کۆڕ، لە ساڵی ١٩٩٩ی زایینییدا بەچاپ گەیشتووە.

هەروەها \"سیامەند ڕەحمان\"، وەرزشوانی بواری \"هەڵگرتنی قورسایی\"، ساڵی ١٩٨٩ی زایینیی له شاری شنۆ لەدایک بووە و ناوبراو لە کێبڕکێکانی \"پارائۆلەمپیکی\"٢٠١٢ی لەندەن و ٢٠١٦ی ڕیۆ\" توانی خەڵاتی زێڕ بۆخۆی مسۆگر بکات و ڕێکۆردی پارائۆلەمپیک بشکێنێت.