پەیامی هاوخەمی کرێکارانی شارەکانی سەقز و بۆکان

15:03 - 7 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: کرێکارانی شارەکانی سەقز و بۆکان بەبۆنەی گیان لەدەستدانی شەریف باجوەر و هاوڕێیانی پەیامێکی هاوخەمییان بڵاوکردەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەری کوردپا، کرێکارانی شاری سەقز لە پەیامێکدا هاوخەمی و نیگەرانی خۆیان لەبارەی گیان لەدەستدانی شەریف باجوەر و هاوڕێیانی لە ڕۆژی ٣ی خەرمانان ڕاگەیاند و هیوایان خواست کە خەڵکی کوردستان ڕێ و ڕێبازی ئەوان ون نەکەن و درێژە بە ڕێگاکەیان بدەن.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
کۆڕ و کۆمەڵە مرۆڤدۆستەکان
کرێکاران و چەوساوەکانی زاگڕۆس


بەداخ و کەسەرێکی زۆرەوە هەروەک ئاگادارن ڕۆژی 3ی خەرمانان، کاک شەریف باجوەر و هاوڕێیانی لە کاتی بەرەنگاری‌کردن لە دارستانەکانی زاگڕۆسی نیشتمانمان، لە بەرانبەر پەیامهێنەرانی تاریکی و دژبەرانی مافەکانی مرۆڤ و چەوسێنەرانی نەتەوەکەماندا، بەشێوەیەکی گوماناوی شەهیدکران.

ئەگەر شەهید شەریف و هاوڕێیانی بەکردەوە بەرەنگاری هەوڵی لەنێوبردن و سووتانی وڵاتەکەمان نەبوونایەتنەوە و لە گۆڕەپانی چالاکیدا، لمۆزی چەوسێنەرانیان نەدایە لە عەرز، ئەگەر لە ماڵەکانیان دانیشتایەتن و تەنیا سەیرکەری ڕووداوەکان بوایەتن یان بەدانی نووسراوەیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پێیان وابوایەت کە ئەرکی خۆیان بەجێگەیاندووە، بێگومان دوژمنیش هەڕەشەی لێنەدەکردن و پیاوکوژان ژیانیان لێ تاڵ نەدەکردن و لە کۆتاییشدا ئاوا ترسنۆکانە و ناجوامێرانە شەهید نەدەکران، بەڵام کاک شەریف وهاوڕێیانی لەوکاتەوە کە بڕیاری ڕاسان وپشتکردن لە دەستەوەستانی ودەستەمۆبوونی داگیرکەرانی نیشتمانیان دابوو، چاوەڕوانی وەها ڕووداوگەلێکیشیان دەکرد و دەیانزانی خەبات بۆ ڕزگاری یەکجاری لە چنگ چەوسێنەرانی خاک و ژینگە ونەتەوە قوربانی دەوێت و بە قسەی بێکردەوە بەهیچ کوێ ناگات.

ئەو هاوڕێیانە هەموو نرخێکیان لە پێناو ژیانێکی ئازاد و بەدور لەهەر چەشنە چەوسانەوەیەک بەکەم دەزانی و هەر لەو ڕێگەیەشدا گیانی خۆیان کردە قوربانی ژیانێکی باشتر و بەختەوەرانە و وانەی خەبات و خۆڕاگری وئامادەبوون لە بواری کردەوەدا بۆهەمیشە بە ئێمەی ڕێبواری ڕێگایان دەڵێنەوە.

ئێمە وەک بەشێک لە کرێکارانی شارەکانی بۆکان و سەقز، هیوادارین خەڵکی چەوساوە و شۆڕشگێڕی وڵاتەکەمان بەهەوڵ وتێکۆشانی خۆیان درێژەدەری ڕێبازی پڕ لە سەروەری شەهیدانمان بن و لە هەمان کاتیشدا هەوڵەکانی خۆمان چڕبکەینەوە بۆ ئاشکراکردنی ئەم پیلانە سامناکە و یەکگرتووانە و بەکردەوە تەخت و بەختی داگیرکەران ڕاماڵین و دونیایەک بونیاد بنێین کە تێیدا بەشێک لە مرۆڤەکان، ژینگە و مرۆڤەکانی تر نەچەوسێننەوە.

سەرکەوێ خەبات و ڕاسانمان بۆ دونیایەکی جوانتر
بەشێک لە کرێکارانی بۆکان و سەقز