پەناخوازێکی کورد لە لایەن چەند کەسێکی بریتانیایی لێی درا

21:01 - 14 خاکەلێوه 2717
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات کە وەکوو پەنابەر ڕووی لە وڵاتی بریتانیا کردبوو، لەلایەن چەند کەسێکی خەڵکی ئەو وڵاتەوە هێرش کرایە سەری و لێی درا.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی خاکەلێوە، لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری لەندەن، ٨ کەس هێرشیان کردە سەر پەناخوازێکی کوردی ئێرانی کە تەمەنی ١٧ ساڵە و لە ئاکامدا کاپۆڵی سەری\"جمجمە\" ئەو هاووڵاتییە کوردە شکاوە.

\"رادیو فردا\" لەو بارەیەوە بڵاوی کردەوە کە؛ هەشت لاوی بریتانیایی شەوانە هێرشیان کردووەتە سەر ئەو پەناخوازە کوردە و لە یەکێک لە وێستگەکانی شەمەنەفەر لە شاری لەندەن لێیان داوە.

بەپێی هەواڵی ئەو سەرچاوەیە، پۆلیسی ئەو وڵاتە لەو پەیوەندییەدا، چوار کەسی دەستبەسەر کردووە.

پۆلیسی بریتانیا ڕایگەیاندووە کە؛ ڕق و قین هۆکاری هێرش بۆ سەر ئەو لاوە تەمەن ١٧ ساڵە کوردە بووە.

دەستبەسەر کراوەکان نێونجی تەمەنیان لە نێوان ٢٠ هەتا ٢٤ ساڵ بووە.

ئەو ڕووداوە لە گەڕەکی \"کرویدون\" شاری لەندەن ڕوویداوە و بە وتەی دانیشتوانی ئەو گەڕەکە، هێرش کەران زیاتر لە ٨ کەس بوون.

شارەداری لەندەن، ئەو ڕووداوەی مەحکووم کرد و هەروەها نوێنەری ناوچەی کرویدون هێرشبەرانی بە \"زبڵ\" وەسف کردووە.

پاش چوونە دەرەوەی وڵاتی بریتانیا لە یەکیەتی ئورووپا، دژایەتی کردنی هاووڵاتییانی بیانی لەلایەن خەڵکی ئەو وڵاتەوە لە حاڵی پەرەسەندندایە.