پەرەسەندنی گەندەڵی لەتۆمارکردنی ناوی بەرکەوتووانی کیمیایی شاری سەردەشت

13:35 - 15 پووشپەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: پاش تێپەڕبوونی ٢٨ساڵ بە سەرکیمیابارانی شاری سەردەشت، هەواڵەکان باس لەتۆمارکردنی نایاسایی ناوی هێندێ کەس لەلیستەی بەرکەوتووانی کیمیابارانی شاری سەردەشت دەکەن.

بەپێی‌ هەواڵی ‌ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەکاتی کیمیابارانی شاری سەردەشت هەتا ئێستا، ناوی ١٤٠٠کەس وەکوو برینداری چەکی کیمیایی تۆمارکراوە و ئامارە حکوومەتییەکان ژمارەی بەرکەوتووانی کیمیابارانی شاری سەردەشتیان زیاتر لە ٨ هەزار کەس خەمڵاندووە.

ئەمە لە کاتێک دایە کە هێندێ سەرچاو باس لەنایاسایی ناونووسکردنی کەسانێک لەلیستەی بەرکەوتووانی کیمیایی دەکەن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: هێندێک لەو کەسانە کە ناویان لە نێو بەرکەوتووانی کیمیابارانی شاری سەردەشتدا داهاتووە، برینداری کیمیاباران نین.

ئەو سەرچاوە ئەوەشی خستەروو: زۆربەی ئەو کەسانە بەکەڵکوەرگرتن لە رێگای تایبەت و نایاسای وەکوو برینداری کیمیای بۆە مەبەستی وەرگرتنتی خزمەتگوازاری دەوڵەتی ناویان تۆمار کراوە.

هەر لەو پێوەندییەدا و بە پشت بەستن بە وتەی کەسانی نزیک لە یەکە ئیدارەییەکان، کەسانێک کە لەبارەی جەستەییەوە هیچ کێشەیەکیان نیە و یان تەنیا رێژەیەکی زۆر کەم بریندا بوون لە رێگای تایبەت لە کومیسیون و ئیدارەی بونیاد شەهیدا ناویان تۆمار کراوە و وەکوو \" جانباز\" ناسراون.

سەرچاوەکە ئاشکراشی کردووە، تەنانەت کەسانێک کە خەڵکی شاری سەردەشتیش نین، ناویان لە ناو ئەو لیستەدا هاتووە و دەبێ هاووڵاتیان ئەمە قبووڵ نەکەن.

لەلایەکی دیکەوە ئاڵوگۆڕ و هەڵسەنگاندنی رێژەی بەرکەوتووان لەکۆمیسیۆن وەکوو کێشەیەکی لێهاتووە بەچەشنێک کە ئەگەر کەسێک هەتا ساڵی ١٣٨٣ی هەتاوی رێژەی تەنگەنەفەسی و نەخوشییە پێستییەکانی ٣٠% بووە بە کەم‌ئەندام لەقەڵەم درابوو بەڵام ئەگەر ئەو کەسە لەپاش ساڵی ١٣٨٣ی هەتاوی خۆی بە کۆمیسیۆنی هەڵسەنگاندن و دیاری کردنی رێژەی بەرکەوتووان ناساندبێت ئەوە ناچیتە ناو لیستەی بەرکەوتووانی کیمیاییەوە.

قوربانیانی چەکی کیمیایی باوەڕیان وایە کە ئەو کۆمیسیۆنە بە ئەنقەست پێوانە و شیوازی هەڵسەنگاندنەکانی گۆڕیوە و دەڵێن: ئەمە بە هیچ شێوەیەک باش نیە کە کەسانێکی تەندروست خەساری و قەرەبووی کەسانی بەرکەوتوو وخاوەن کێشە وەربگرن و مافەکانیان پێشێڵ بکەن.

یەکیک لە بەرکەوتووانی چەکی کیمیابارانی شاری سەردەشت بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: هێندێک لەو کەسانە کە ناویان لە لیستەی بەرکەوتووانی کیمیابارانەکەدا تۆمارکراوە لەکاتی رووداوەکەدا زیاتر لە ٣٠ کیلۆمیتر لە شوێنی بوردومانە کیمیاییەکەوە دوور بوون.

رێکەوتی ٧ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوی، شاری سەردەشت لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی حکوومەتی بەعسی عێراقەوە بوردومان کراو لە ماوەی کەمتر لە یەک مانگ پاش کیمیابارانەکە ١٤٠ کەس بەهۆی ئەو چەکەوە گیانیان لەدەست دا.