پەروەین زەبیحی: خەتەنەی ژنان، کردەوەیەکی هۆڤانە و کوشتنی هەستی سێکسیی ژنانە

15:35 - 19 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: رێکەوتی ٦ی مانگی ڤێوریەی ئەمساڵ دوازدە ساڵ بەسەر دیاریکردنی ئەو رۆژە وەکوو رۆژی جیهانیی بەرنگاربوونەوە لەگەڵ \"کەمئەندام کردنی جنسیی ژنان\"دا تێپەڕدەبێت.

بە لایەنی کەمەوە ١٢٩ ملوێن ژن لە سەرتاسەری جیهاندا خەتەنە کراون و هەتا ساڵی ٢٠٣٠ ئەگەری خەتەنە کرانی ٨٦ ملوێن کەسی دیکەش لە ئارادایە، کە وڵاتی میسر زۆرترین خەتەنەی ژنانی تێدا ئەنجام ئەدرێت.

رێکخراوی، تەندروستیی جیهانی هەر چەشنە بڕینی ئەندامی زاوزێی ژنانی لە بەشی ناوەوەو دەرەوەدا وەکوو \"کەمئەندام کردنی جنسیی ژنان\" لەقەڵەم داوە.

هەتا دەیەی حەفتای زایینی \"کەمئەندام کردنی جنسیی ژنان\" ناوی \"خەتەنە\"ی لەسەر داندرابوو، بەڵام بەهۆی هەوڵی فمنیست و میدیاکانەوە، چەمکی \"کەمئەندام کردنی جنسیی ژنان\"ی لەسەر داندرا.

بەپێی راپۆرتی یونسکۆ، سەرەڕای پەسندکرانی کۆمەڵێک یاسای دژبە خەتەنەی کچان، هەتا ئێستاش کچان دەبنە قوربانیی ئەو دیاردەیە و سەرەڕای تێپەڕینی ٦٠ ساڵ بەسەر ئەو یاسایەدا، هەر ١٠ چرکە، کچێک خەتەنە دەکرێت.

لە دوایین دانیشتنی کۆمیساریای باڵای رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، سەبارەت بە مافی مرۆڤەوە باسیان لەوە کردووە، کە خەتەنەی کچان و ژنان وەکوو پێشێلکاریی مافی ژنان لە قەڵەم بدرێت و لەو بارەیەوە رایانگەیاندووە؛ هەوڵ و فشاری ناوەندە نێونەتەوەییەکان بوونەتە هۆکاری ئەوەیکە ١٠٠ هەزار حاڵەتی خەتەنە کەم بکرێتەوە، بەڵام هەوڵی ئەو ناوەندە کەمکردنەوەی زیاتر لە نیوەی ئەو ئامارەی پێشوە.

خەتەنە کردنی ژنان، وەکوو بڕینی بەشی دەرەوەی ئەندامی زاوزێی ژنان و بە گشتی لە تەمەنی منداڵیی کچاندا ئەنجام ئەدرێت، کە بە گوتەی ژنانی خەتەنە کراو، ئاسەوارەکەی هەتا کۆتایی تەمەنی کچ و ژنی خەتەنە کراو دەمێنیتەوە.

لە ناوچە کوردنشینەکان و ناوچەکانی باشووری ئێرانیش، خەتەنەی ژنان لایەنی مەزهەبی و ئایینی بەخۆیەوە گرتووەو و ژنان بە حوکمی نەریت و ئایین لە چێژی جنسی بێبەری دەکرێن و لە زۆر عاڵەتیشدا لە شارە گەورەکان، کچان و ژنانیش دەبنە قوربانیی ئەو نەریتە.

ئاژانسی کوردپا لە رۆژی جیهانیی بەرنگاربوونەوە لەگەڵ \"کەمئەندام کردنی جنسیی ژنان\" سەبارەت بە دۆخی خەتەنەی ژنان لە ناوچە کوردنشینەکان و ئەو بەربەستانەی کە لەو بوارەدا بوونیان هەیە، وتویژێکی لەگەڵ پەروین زەبیحی چالاکی مافی ژنان و منداڵان پێکهێناوە.

پەروین زەبیحی یەکێک لە ژنە چالاکانی دانیشووتی شاری مەریوان، لە پەیونەدی لەگەڵ خەتەنە کردنی ژنان چەندین لێکۆڵینەوەی دیمانەیی لەگەڵ ژنانی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران پێکهێناوە.

خاتوو پەروین، ئێوە لە بوارەدا بە چ شێوەیەک چالاکیان کردووەو پرسی کەمئەندام کردنی ژنان لە چ دۆخێکدایە؟

\"24600.jpg\"
پەروین زەبیحی چالاکی مافی ژنان و منداڵان
من بۆ یەکەمجار و بە شێوەی فەرمی و سەرەڕای هەموو ئەو تابۆیانەی کە لەسەر پرسی جنسیی بوونی هەبوو، لەگەڵ کۆمەڵیک لە ژنە چالاکانی وەکوو نگین شێخولئیسلامی، رۆیا تلووعی کە پێشتر لەو بارەیەوە لێکۆڵینەوەیان کردبوو، کەوتمە باس کردن و پاشان سەردانی چەند گوندێکی ناوچەی هەورامانمان کرد و چەندین چاوپێکەوتنمان ئەنجام داو بە گشتی خەتەنەی ژنان لە کوردستان، لە ناوچەکانی ئازەربایجانی رۆژئاوا، پاوە، هەورامان و کامیارانیش بوونی هەیە.

لە پەیونەدی لەگەڵ خەتەنەی ژنان، ئامارێکی فەرمی بوونی نییە و بەهۆی نەبوونی ئیمکانات و بۆ پرۆژەیەکی لێکۆڵینەوەیی و بەرنامە بۆ دارێژراو لەگەڵ کۆمەڵێک بەربەست بە دژی کوشتنی هەستی جنسیی ژنان و کەمئەندام کردنیان بەرەوڕوو دەبینەوە.

وڵاتانی جیهان لە بیاڤی ئاماریدا بەسەر سێ دەستەدا دابەش دەکرێن: وڵاتانی دەستەی یەکەم لە سەرووی ٨٠ لەسەدەوە خەتەنیان تێدا ئەنجام دراوەو لە دەستەی دووەمیشدا لە نیوان ٢٩ هەتا ٧٩ لەسەد دایە و دەستەی سێیەمیش لە نیوان ١ هەتا ٢٤ لەسەدان کە وڵاتی ئێران لە دەستەی سێیەمدا جێی دەبێتەوە.

ئەو ئامارانەی کە لە ناوچە کوردنشینەکاندا بوونی هەیەپێشتر لەلایەن کۆمەڵە خەڵکانێکەوە کۆکراوەتەوە کە بەشێوەی نافەرمی و خۆڕسک لە بواردەدا چالاکییان کردووە. بۆ نموونە لە کتێبی \"تراژیدیای جەستە\"، بەرهەمی \"فاتمە کەریمی\" لە ساڵی ١٣٨٩ لە شارەکانی شنۆ، سەردەشت، پیرانشار، نەغەدە، بۆکان، تیکاب، مەهاباد، بانە، مەریوان، سنە، کامیاران و کرماشان کۆمەڵێک ئاماری بە شێوەی گۆترەیی بوونی هەیە، بۆ نموونە لە شاری شنۆ لە هەر گوندێکدا و لە نیوان هەر ٨٤ ژندا کە قسەیان لەگەڵدا کراوە، ٥٦ کەسیان خەتەنە کراون.

من بەهۆی چالاکییەکانمەوە لە بیاڤی تواناسازیدا و توندوتیژی دژبە ژنان لە نزیکەوە لەگەڵ خەڵکی گوندەکان لە پەیوەندیدام و ئەوە شتەی کە دەبیندرێت ئەوەیە کە ئەم دیاردەیە کەم رەنگ بۆتەوە، بەڵام هەر دەکرێ و زۆرترینیشیان ئەو ژنانەن کە تەمەنیان لە نێوان ١٨ هەتا ٢٥ ساڵدایە. هەنووکە ئەم حالەتانە بۆ ژێر ٢٠ ساڵ تەمەن دابەزیوە، بەڵام دیسانەوە هەر ئەنجام ئەدرێت. بۆ نموونە مانگێک پێش ئێستا کچێکی تەمەن ٦ ساڵانەم بینی کە دایە گەورەی (دایکی باوکی) لە کاتێکدا دایکی کچەکە بەهۆ منداڵە بەر بوونەییەوە لە جێدا کەوتبوو، بەبێ ئاگاداریی دایکی خەتەنەی کردبوو، ئەویش لە شاری سنە.

کەوابوو، ئەو زۆر حاڵەت هەیە، بەڵام بەداخەوە کەس پێیان نازانێ، هەر لەو بارەیەوە لە کاتی سەردانمدا بۆ گوندی دزڵی ، ژنێکی تەمەن ٧٠ ساڵ بەناوی \"خورشید\"، خۆی و کچەکەی و نەوەکەشی کە پۆلی سیی ناوەندی بوو، خەتەنە کرابوون، کە ئەمانە بە ونوسراوەو بە شێوەی ئاماری لەبەر دەستدا هەن.

چالاکییەکان بە گشتی لەم بوارەدا بە شێوەی تاکە کەسین، هەر بۆیە ناکرێ ئامارێکی فەرمی بێتە بەر دەست. سەرەڕای هەموو ئەم کێشانە کارێکی زۆرمان لەسەر ئەم مەسەلەیە کردووە، کە لەو پەیوەندییەدا تابۆکان بشکێن

لەناوچە کوردنشینەکانی ئێران، خەتەنە کردنی ژنان بە چ شێوەیەکە و ئاخۆ جگە لە بڕینی ئەندامی مێینەی ژنان، جۆرێکی دیکەش بوونی هەیە؟

بەداخەوە جونکە خەتەنە توندوتیژییەکی شاراوەیە و وەکوو کێشەکانی دیکەی ژنان نییە، کە پزیشکێک بتوانێ چارەسەری بکات و لەگەڵ ئەوەشدا پرسێک کە خودی بنەماڵەکانیش دایدەپۆشن، ناکرێ تێڕوانێنێکی تایبەتی لەسەر بکرێت، کە ئاخۆ ژنان و کچان لە داهاتوودا بە چ ئەندازەیەک بەرەوڕووی گرفت دەبنەوە.
بێ مەیلیی ژنان یەکێک لە دیارترینی ئەو خەسارانەیە، کە زۆرێک لە پیاوان لە دادگاکاندا سکاڵایان لێی هەبوو. لە کوردستانیش بەهۆی ئەویەکە ئاستی خوێندەواری تێگەیشتن چۆتە سەرەوە شێوەی بڕینی ئەندامی مێینەی ژنان مەترسییەکانی کەم بۆتەوەو دوو شێوەی دیکەش بوونیان هەیە، کە چل تیغی پێ دەگوترێ، لەم حاڵەتەدا بە تیغ سووکە برینێک لە بن مەکی ژنانەوە هەتا بەشی بنەوەی ئەندامی مێێنەی ژنان دەکەن و لەو حاڵەتدا چەند دڵۆپە خوینێک دێتە دەرێ و دەڵێن ئەمە سوننەتی فاتیمەی زەهرایە و لە حاڵەتەکەی دیکەشدا چەقۆیەکی نووشتاوە لە یەخەی ژنەکەوە دەخەنە خواری و لە داوێنی ژنەکەوە بەر دەبێتەوەو ئەمەش وەکوو خەتەنە لە قەڵەم ئەدەن، من نازانم پێشینەی ئەم دو ونەریتە بۆ کەی دەگەڕێتەوە و دەتوانین بڵێین خۆ دەرباز کردن لە نەریتی کەمئەندام کردنی جنسیی ژنانە. هەنووکە لەگەڵ چوونە سەرەوەی ئاستی وشیاریی خەڵک ئەم دوو جۆرە خەتەنەیش کەمڕەنگ بوونەتەوە.

دەکرێ ئاماژە بە بەربەستەکانی بەردەم چالاکی لەو بواردە بکەن کە باستان کرد؟

هەنگاوی یەکەم ئەو تابۆیانەن کە تەنانەت هاوسەرەکەی خۆم یەکەمجار پێی گوتم، کە ئەم کارەی تۆ دەیکەی کاریگەریی لەسەر کەسایەتییەکەت نەبێ و خەڵک بڵێن ژنێکی خراپە و باس لە پرسی جنسیی ژنان دەکات. هەنگاوی دووەمیش کێشەی ئەمنییەتی بوون، بەڵام دواترشی خەڵکەکە بۆ خۆیان بە شێوەیەکی توند لەگەڵ ئەم مەسەلەیە دەجووڵانەوە و زۆر کەسیش لە خەڵک و کۆمەڵگە دەترسان، بەم هۆیەوە لایەنی فەرهەنگیی ئەم مەسەلەیە زۆر گرینگە.

لە مەزهەبی شیعەدا شتێک بەناوی خەتەنەوە نابیندرێت و چەند حاڵەتێکیش کە بە دەگمەن دەبیندرێت تەنیا بۆ جوانکاری ئەنجام دراوە. لە یاسای بنەڕەتیی ئێرانیشدا شتێک وەکوو خەتەنە نەکراوەتە زۆرە ملی، بەڵام کیشەکە لێرەدایە کە هیچ رێگرییەک بە دژی ئەم دیاردەیە نابیندرێت، لە حالێکدا یاسای بنەڕەتیی حکوومەتی ئیسلامی بۆ قامکی دەست تۆڵە کردنەوەی داناوە.

لە مەزهەبی سوننی‌دا کە کوردستان بەشێکی زۆری سوننی مەزهەبن، ئەم نەریتە بوونی هەیە و کاتێک ئێمە بۆ بەرنگاربوونەوەی ئەم دیاردەیە داوای مۆڵەت و ئیمکانات دەکەین، کێشەمان بۆ دروست دەبێت و بە کێشەیەکی فەرهەنگی لە قەڵەمی ئەدەن و دەڵێن: نامانهەوێ خۆمان تووشی مەسە فەرهەنگییەکان بکەین و ئەمەش گەورەترین بەربەستە. لە ئەنجامدا هیچ ئیمکاناتێک نە لەلایەن رێکخراوە بێهداشتییەکانەوە، و نە لەلایەن وەزارەتی بێهداشتەوە دابین ناکرێت و نە لە نەخۆشخانەکانیش ماماکان یارمەتیمان دەکە، کە ئەم مەسەلەیە وەکوو پرۆژەیەکی نەگۆڕ وایە.

NGOکانی دەرەوەی وڵاتیش بە شیوەی دروست بەڕێوەبەری ناکرێن و ئەم مەسەلەیەش بەو شێوەیە کە پێویستی گەڕانی گوند بە گوند و تاک بە تاک هەیە، ئەنجام نادرێت.

ئاخۆ ئێوە بۆ چالاکییەکانتان داوای مۆڵەتی یاسایی و رێگە پێدراوتان کردرووە؟

لە سەرەتادا دەبێ کاتێک بە شوێن مۆڵەتەوە بین کە ئیمکاناتی پێویست لە گۆڕێدا بن و سەرەرای ئەوەشی کە دەیان جار لەو بەستێنەدا هەوڵمان داوە، بەڵام هیچ ئیمکاناتێکمان نەخراوەتە بەر دەست. هەروەها کێشەکە تەنیا وەرگرتنی مۆڵەت نییە، بەڵکوو ناوەندەکانی وەکوو وەزارەتی تەندروستی لە بیاڤی دەروونناسیدا، پزیشک و چالاکانی ئەو بوارەدەبێ پشتیوانیمان لێ بکەن و ئیمکاناتی پێویست بۆ راهێنان و هاندانی خەڵک، دەستەبەر بکرێت.

ئاخۆ ناوەندێکی تایبەتی لەو بوارەدا هەیە کە بکرێ سەردانی بکەیت و پشتیوانی بکات؟

وەزارەتی بێهداشتزۆر بە ئاسانی دەتوانێت هاوکاری بکات، بەڵام کێشەکە لەوێدایە کە هیچ ناوەندێکی تایبەتیی ژنان لە ئێراندا مۆڵەتی یاسایی نییە و لە هیچ شوێنێکی کوردستانیشدا رێکخراو یان ئەنجومەنیکی تایبەت بە ژنان بەدی ناکرێت و تەنیا لە تۆرە کۆمەڵایەتی و مالپەڕەکاندا ئەو چالاکییە دەبنیدرێت. لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی تەندروستی مۆڵەت بە تاکی ژن نادات و دامەزراوەو رێکخراوەکانی ژنان تەنیا دەتوانن لە ژێر جاوەدێریی ژنانی سەرکۆماریدا چالاکی ئەنجام بدەن. ئەم کارەش بانێک و دوو هەوایە.

هەتا ئەو جێیەی کە ئاگادارن، هیچ حاڵەتێک بە شێوەی یاسایی لە پەویوەندی لەگەڵ خەتەنەی ژناندا بەدواداچوونی بۆ کراوە؟

\"24603.jpg\"
چونکە ئەم کردەوەیە لەلایەن بنەماڵەوە ئەنجام ئەدرێت، هیچ ژن و کچێک ناوێرێ سکاڵا لەسەر بنەماڵەکەی خۆی تۆمار بکات
لەو کاتەوە کە بەدواداچوون بۆ ئەم مەسەلەیە دەکەم، دوو بەربەستمان هەبووە. یەکەم ئەوەیکە هیچ یاسایەک لە پەویەندی لەگەڵ توندوتیژیدا بوونی نییە، کە لەو رێگەیەوە مافناسیک بتوانێ لە بەدواداچوونەکانیدا پشتی پێ ببەستێت و دووەمیش ئەوەیکە چونکە ئەم کردەوەیە لەلایەن بنەماڵەوە ئەنجام ئەدرێت، هیچ ژن و کچێک ناوێرێ سکاڵا لەسەر بنەماڵەکەی خۆی تۆمار بکات، چونکە لە بواری فەرهەنگییەوە پشتی لێ دەکەن و لە خۆیانی بێبەری دەکەن.

بۆ نموونە من لەگەڵ هێندیک لە کچانی خوێندکار لەم بارەیەوە قسەم کردووەو بەهۆی ئەوەیکە لەسەر خەتەنە زانیاریی تەواویان هەبووە، لە داهاتووی خۆیان ترساون. بەم هۆیەوە زانیاریی نادروست لەم بارەیەوە دەبیتە هۆی ترسانی ژنان کە ناویان بکەوێتە سەر زاران و خوازبەینیان نەبێت. بەم هۆیەوە خەتەنە توندوتیژییەکی شاراوەیە و بەهۆی لایەنی فەرهەنگی، بنەماڵەیی و یاساییەوە من هەتا ئێستا هیچ حاڵەتێکی لەو جۆرەم نەبینیوە.

هەر وەک دەزانن پێشتر خەتەنە بەدەستی ژنان ئەنجام ئەدرا، ئاخۆ دەبێ بەم هۆیەوە ئەوان وەکوو تاوانباری سەرەکی لە قەڵەم بدەین، چونکە دەگوترێ لە زۆربەی حاڵەتەکاندا پیاوان ئاگادار نین؟

بە بڕوای من ئەم مەسەلەیە بە تەواوەتی مێژووییە، کاتێک کە پیاو ژنی کردە مڵکی خۆی و فرە ژنیش بووە باو، لەو کاتەوە پیاوان خۆیان بە خاوەنی جەستە و گیان و هزری ژن زانیوە، کە دەبێ بە هەموو لەونێک بیپارێزن و ئەمەش خۆی لە قاڵبی مەسەلەی نامووسیدا بینیوەتەوەو لێرەشدا مەسەلەی پاراستنی پەردەی کچێنیش هاتە گۆڕێ.

من لە چاوپێکەوتنەکانمدا کە لەگەڵ دایکی ئەو کچانە بوومە، ئەو پاساوەیان هێناوەتەوە کە ئێمە بۆ پاراستنی حەیا و ئەخلاقیاتی کچەکانمان پێیان دەڵێین کە دەبێ پەردەی کچێنیتان بپارێزن، بەڵام ئەوان چاو لە لایەنی دیکەی ئەم مەسەلەیە ناکەن کە ئەگەر هەمووی ئەندامانی مێینەی ژنانیش ببڕدرێت، دیسان دەوتانێ پەیوەندیی سۆزداری هەبێت. کەوابوو پەروەردە و فەرهەنگی داسەپێندراوبەسەر ژناندا بە درێژایی مێژوو لە ژێر کاریگەریی سیستەمی پیاوسالاریدا بووە.

ئاخۆ دیسان ئەمە توندوتیژی نییە؟ و ئەمەش توندو تیژی دژبە ژنان نییە؟

بۆچی، کاتێک کە منداڵییەوە کچ فێری ئەوە دەکرێت، کە لە هەمبەر براکەیدا تەنانەت کە ئەگەر لە خۆیشی بچووکتر بێت، پاشەکشە بکات، گۆرەوییەکانی بشوات، خواردنەکەی بدا بە براکەی. ئەمە لە خۆیدا راهێنانی ژن لەگەڵ توندوتیژییە.

بێبەری کردنی ژن لە چێژی سێکسی یەکێک لە پاشهاتەکانی دیاردەی خەتەنەیە، بەڵام پرسیارێک لێرەدا دێتە ئاراوە کە ئاخۆ ئەو ژنانەی کە لەگەڵ ئەو فەرهەنگە راهاتوون، چێژی جنسی بە مافی خۆیان دەزانن و ئەمەش بۆی دەبێتە کێشەی فیکری؟

ئێمە چاوپێکەوتنێکمان لەگەڵ پیاوێکی خەڵکی گوندی دزڵی کرد، کە بۆ خۆی بە دڵخواز ویستی ئەو چاوپێکەوتنە ئەنجام بدات. ناوبراو دەیگوت لەگەڵ ئەویەکە زۆر بەختەوەرەو ژیانێکی ئاسوودەشی هەیە، بەڵام هاوسەرەکەم زۆر زیانی بەرکەوتووەو هاوسەرەکەی لە پەیوەندی لەگەڵ مەسەلەی جنسیدا بێ هەستە، ئەو پیاوە ئامادە بوو هەر کارێک بڵێی بکات و هەر برە پارەیەکیش بدات، کە کێشەکەی چارەسەر بکات.

ئەوەشی کە ژنان کێشەی دەروونی و فیکرییان لەم بارەیەوە بۆ دروست دەبێت بوونی هەیە و رەنگە نەتوانن بە شێوەی پراکتیک ئەمە شی بکەنەوە، بەتایبەت ژنانی نەخوێندەوار. من لە بابەتێکدا خوێندمەوە کە ئەو ژنانەی بە شێوەیەکی نەشیاوبە شێوەیەکی نەشیاو خەتەنە کراون و لەو بوارەشدا هیچ زانیارییەکیان نییە و لە کاتێکدا ناگەن بە ئۆرگاسم، کێشەکە لە هاوسەرەکەیان دەبینن و راستەوخۆ کێشەکە بەلایەکی دیکەدا دەڕوات، بەم هۆیەوە ئەو فەرهەنگەی کە کچانی پێ خەتەنە دەکەن لە ژێر ناوی پاکی و ئەخلاقیاتدا، بەردی بناغەی ساردیی سێکسی دادەنێن. توێژی تێگەیشتوو بە پەرۆشییەوە باس لەم مەسەلەیە دەکەن کە داهاتوویەکی روون و دڵخوازیان لەگەڵ هاوسەرەکانیاندا نابێت.

بەم پێیە، سەرەکی‌ترین خەسارەکانی خەتەنە چین؟

دەکرێ ئاماژە بە دوو خەساری خەتەنە لە کچان و لە تەمەنی منداڵییاندا بکەین، یەکەم ئەوەیکە مۆتەکەیەک کە هەر دەم جاوەڕوانی ئەوە دەکات بێتەوە بەر چاوی و بەتایبەت لە کاتی بڕینەکەدا و لە ەواوی ئەو ماوەیەدا بنەماڵەکەی کۆمەڵێک بەهای ئەخلاقی کە فێری منداڵەکەیانی دەکەن کە ماقووڵ، حیجابی بێت و تەنیا دەست و دەموچاوی بەدەرەوە بێت، بەڵام کتوپڕ لە قۆناغی منداڵیدا ئەیخەنە سەر زەوی و لاقی لێک دەکەنەوەو پاشان کەسیکی نەناسیاو بە یارمەتیی دایک و باوکی دەست بە هەموو جەستەیدا دێنێت و تێکڕای ئەو بەها ئەخلاقییانەی کە فێری بووە، لەناو دەچن و بەم شێوەیە ئەو منداڵە هەمو ومتمانەی خۆی لەدەست ئەدات و بەم کارەش بنەماڵەکان هەموو بەها و نۆرمە ئەخلاقییەکانی خۆیان دەبەنە ژێر پرسیار و کەسایەتیی مندالەکە دەڕووخێنن.

ئاخۆ سەرکوتی هەستی سیکسیی ژن تەنیا بەم خەتەنەوە گرێدراوە؟

من لەو باوەڕەدام کە تێکڕای ئەو وێنانەی کە لە پەیونەدیی ژن و پیاو دەکرێت، بە شێوەی ناڕاستەوخۆ کاریگەریی دەبێت و زۆر کەس بە ترس و لەرزەوە چاو لەم پەیوەندییە دەکەن. لە هەر لایەکەوە کە چاو لەم مەسەلەیە دەکەین، لایەنێکی نوقسان دەبێتە هۆکاری ئازاردانی کچ و من لێرەدا داوا دەکەم کە بە پشت بەستن بە روانگە و بۆچوونی کەسانی شارەزا کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەم کێشەیە بخەینە ڕوو. جونکە لە کوردستان و ئێران خەتەنە لە جۆری مەترسیدارەکەی ئەنجام نادرێت و خەتەنەی ژنانیش کاتێک کاریگەریی دەبیت کە بڕینەکە زۆر بێت و شوێنی کۆبوونەوەی هۆرمۆنە جنسییەکان تێک بچیت.

ئێمە نابێت بەو شێوەیە ژنان و کجانی خەتەنە کراو بتۆقێنین و بۆ پەروەردە و کاری راگەیاندن لە جۆرەکانی خەتەنە لەگەڵ کەسانی شارەزا و پسپۆڕی ئەو بوارە قسە بکەین ، چونکە تێکڕای خەتەنە و بڕینی ئەندامی مێینەی ژنان تەنیا نەزۆکیی لێناکەوێتەوە، و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا بڕینی ئەندامی مێینە زۆر کەمە، من لەگەڵ ئەو کچە خویندکارانەی کە لەو باریەوە کە قسەم دەکرد، زۆر ترسابوون.

بە چ شێوەیەک دەکرێ ئاستی هۆشیاریی ئەو کەسانە لەمەڕ کەم کردنەوەی مەترسییەکانی خەتەنە، بچێتە سەرێ؟

گرینگهترین فاکتەر ئەوەیە کە تەنیا چاو لە زانیاریی پزیشکی نەکەین، بەڵکوو دەبێ لە بەرنامەی جیاوازدا باس لەم مەسەلەیە بکرێت و ناونەدە دەرمانی و تەندرستییەکان لە شار و گوندەکان رابسپێردرێن کە کۆڕ و کۆبوونەوەی لەسەر بەڕێوە ببەن و ئەمەش ئیمکانی نابێت، مەگەر بە کاری رێکخراوەیی. کەوابوو تەنیا رێگەی بەرنگاربوونەو، بەڕێوەبردنی خولی تواناسازییە و هەتا ئەو کاتەشی کە ناوەندێکی نیونەتەوەیی و NGO جیهانییەکان لە ئێراندا جالاکی نەکەن و یان ئەگەر دەوڵەت بۆ خۆی لە چوارچێوەی رێکخراوێدا دەستبەکار نەبێت، ناکرێ کارێکی ئەوتۆ ئەنجام بدرێت، بەڵام دەبێ بە هەر شێوەیەکی مومکین کاری راگەیاندن لەم پەیونەدییەدا ئەنجام بدرێت.

بۆ نموونە، نزیک بە چوار ساڵ پێش ئێستا و لە رۆژی بەرنگاربوونەوە خەتەنەی کچاندا لە ساری سنە، بانگهێشتی کۆبوونەوەیەک کرام کە ١٠٠ کەس ژنی تێدابوو و لە کۆتاییشدا فۆرمێکیان درایە دەست و نزیک بە ٤٥ کەسێکیان ئەو فۆرمەیان پڕ کردەوە، کە دەرکەوت ٣٢ کەسیان خەتەنە کراون و بەڵگەکان دەرکەوت کە سەلەفییەکان رۆڵی کاریگەرییان لەسەر زیندوو کردنەوەی ئەم رەوتە دواکەوتوویانە هەبووە. کچێکی خویندکار بە منی گوت، پووری من (خوشکی دایکم) بڕوانامەی کارناسی هەیە و بە من دەلێ خواردنی دەستی تۆ حەرامە و دەبێ خەتەنە بکرێی، هەتا بە فەرمی بناسرێی.

ئایین و فەرهەنگ لەم بارەیەوە چ رۆڵێکیان هەیە؟

\"24606.jpg\"
لە زۆربەی ناوچەکان نەریت زۆر زیاتر لە یاسا و زانست رۆڵی هەیە و کار کردن لەسەر نەریت زۆرترین کاریگەریی بۆ کەمڕەنگ کردنەوە نەهێشتنی خەتەنەی ژن دەبێت
چاو لێبکەن، کاتی هێرشی عەرەبەکان بۆسەر وڵاتی ئێران، خەتەنەیان کردە مەرجی قەبووڵ کردنی ئیسلام و هەر بۆیە لەم ناوچانە بە شێوەی بەرین ئەنجام ئەدرێت و تەنیا لە نێوان سونییەکاندا بونوی هەیە و بەم پێیە، لایەنی فەرهەنگیی ئەم مەسلەیە زۆر زیاترەو پاساوی مەزهەبیی تێکڕای ئەو کەسانەی کە قسەم لەگەڵدا کردوون، ئەو ەبووە کە سوننەتی فاتیمەی زەهرایە. لەو ناوچانەی کە ئەم نەریتە زۆر بەرچاوەو ئەو کەسەشی دەگاتە ئەو قەناعەتەی کە کچەکەی خەتەنە نەکات، ئەو مەسەلەیە پشت گوێ دەخات، چونکە روانگەی باو بەو شێوەیە کە ئەگەر ئەو کچە خەتەنە نەکرێت، بە کەڵکی ژیانی هاوبەش نایا. بە واتایەکی دیکە لایەنی فەرهەنگی و ئایینی ئەم مەسەلەیە بە شێوەیەک تێکەڵ بەیەکتر کراون کە کاریگەری و رۆڵی مەلایەک زۆر لە پزیشکێک و تەنانەت وەزیری تەندروستیش زیاترە و ئەگەریش ئەگەریش پاساوی مەزهەبی بۆ کارەکەی بێنێتەوە، خەڵک دەستبەجی خۆی لێ دەبوێرن. بۆ نموونە مەلا حەسەن ئەمینی پێشنوێژی یەکێک لەو گوندانە رایگەیاندبوو، خەتەنە کردن فەڕز نییە و ئەگەر بکرێ باشترە، بەڵام ئەم ئەگەرە بەڵامە کارەکە خراپ دەکات. خاتوو (لەیلا فەرەج)یش لە کتێبەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە لەو گوندانەدا کە مامۆستا ئایینییەکان خەڵکیان هانداوە کە خەتەنەی ژنان و کچان نەکەن، خەڵکی ئەو گوندە خۆیان لێ بواردووە.
کەوابوو، لە زۆربەی ناوچەکان نەریت زۆر زیاتر لە یاسا و زانست رۆڵی هەیە و کار کردن لەسەر نەریت زۆرترین کاریگەریی بۆ کەمڕەنگ کردنەوە نەهێشتنی خەتەنەی ژن دەبێت.

سەرەڕای ئەوەیکە لەم بوارەدا کۆمەڵێک رێکار و بەرنامە خراوەتە بەر دەست، بەڵام دیسان چینێک لە کۆمەڵگە بەدی دەکرێن کە خۆیان لە خەتەنەی کچان بواردووە، ئەم توێژە کێن؟

من لەو باوەڕەدام کە زانست و خوێندەواری کاریگەریی لەسەر کەمڕەنگ بوونەوەی ئەم پرسە هەبووە. چونکە کەسێک چووبێتە زانکۆ و زانیاریی لەسەر پاشهاتەکانی ئەم دیاردەیە بەدەست هێناوە، ئامادە نییە کچەکەی خەتەنە بکات. دەمهەوێ بڵێم کە پەروەردە و راگەیاندن کاریگەریی زۆریان دەبێت.

بەختەوەرانە هەنووکە لە تێکرای گوندەکانی کوردستانی ئێران ماهوارە لە بەر دەستدا هەیە و بەتایبەت کەناڵە کوردییەکان کە دەپرژێنە سەر رەهەندە جیاوازەکانی ئەم مەسەلەیە و خەڵکیش چاو لەو جۆرە بەرنامانە دەکەن. بەتایبەت ئەو کەسانەی کە لە زانکۆکان خوێندن تەواو دەکەن و مامۆستای دڵسۆزیان لەو بارەیەوە هەبووە، دیسان پێداگریی من لەسەر پەروەردەیە، چونکە لە هەر شوێنیک کە پەروەردە رووی تێکردووە خەتەنەش کەمتر و کەمڕەنگ بۆتەوە.
هەروەها زانیاریی خودی ژنان کاریگەریی زۆری هەیە، چونکە ئەو ژنەی کە زانیاریی هەبێت، تەسلیمی توندوتیژی نابێت و ملکەچی ئەو ەنابێت کە لەژێر فشاری بنەماڵە و کەسوکاریدا کچەکەی خەتەنە بکات و ئەمەش زۆر گرینگە. هاوکات تێگەیشتن و روونبوونەوەی پیاوانیش ئێجگار گرینگە.

ئاخۆ بوارێک بۆ پەروەردەی گشتی لە ئێستادا بوونی هەیە و ئەو ژنانەی کە زانیارییان لەسەر ئەم مەسەلەیە هەیە، باس لە چۆنیەتیی خەتەنە کرانی خۆیان بکەن و ببنە بڵیندگۆی ژنانی دیکە؟

دەکرێ بەم شێوەیە جاو لە مەسەلەی خەتەنەی ژنان لە کۆمەڵگەی کوردستان و بەتایبەت لە گوندەکان و ئەو شوێنانەی کە نەریتی کۆن زیاتر بوونی هەیە، بکەین کە ژن خاوەنی جەستەی خۆی نییە و لە ترسی کۆمەڵگە، پیاوان و خەڵکی کۆمەڵگەکەی خۆی، نەوێرێت قسە بکات، بە دڵنیاییەوە زۆر کەس ئامادە نین کە قسە بکەن و زۆر بە ئەستەم دەکرێ کەسێک بگەیەنیتە ئەو قەناعەتەی کە قسە و چاوپێکەوتن بکات، چونکە دوابەدوای چاوپێکەوتنەوەکەی، دەکەوێتە بەر لۆمە و سەرکۆنەی بنەماڵە و کۆمەڵگە. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا بیندراوە کە ژنێک بۆ ئەوەی بتوانێ ببێتە هاوڕەنگی کۆمەڵگەکەی، لەژێر ناو ناتۆرەی وەکوو ( ناتوانی هاوسەرگیری بکەیتت، ئەو ژنە ناپاکە، خواردنی دەستی حەرامە) بە ناچاری ملکەچی خەتەنە دەبێت. ئەم کەسانە زیاتر لە نیو ئەو کەسانەدا باو بووە کە تەمەنیان لەسەرەوە بووەو بەختەوەرانە لە ئێستادا ئەوەش لە نێو چووە.

بەم پێیە رێگە چارەی بنەڕەتی ئەوەیە کە دەولەت ئیزن بدات ناوەندێک دەستپێشخەری بکات و ئێمەش بتوانین لەو ریگەیەوە خەڵک هۆشیار بکەینەوەو کاری راگەیاندن بکەن. سەبارەت بە بیاڤی تەندروستی لە بنەماڵە، دەروونی و جنسی و هەتا ئەو کاتەی بە شیوەی پرۆژەیەی تۆکمە ئەو هەلە نەڕەخسێت کە گەڕەک بە گەڕەک، گوند بەگوند و ناوچە بە ناوچە لەسەر ئەم مەسەلەیە کار بکرێت، ئەم پرسە بەردەوام دەبێت.

قسەی کۆتاییش ئەویە کە بواری کەمڕەنگ بوونەوەی خەتەنەی ژنان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران چۆن دەبینن و لە داهاتوودا کۆمەڵگەی کوردستان چۆن لەگەڵ ئەم مەسەلەیە دەجووڵێتەوە؟

بۆ بەرنگاربوونەوە لەگەڵ هەر دیاردە و مەسەلەیەک، کەسانی شارەزا و پسپۆڕ پێویستیی یەکەمن. لە ناوچە کوردنشینەکان ئەم مەسەلەیە بەو شێوەیەی کە دەبیندرێت لە حاڵی کەمڕەنگ بوونەوەدایە. سەرەڕای هەموو بەربەستەکان، دەمهەوی بڵێم هەبوونی کەسانی بەرچاوتەنگی کورد کە ئێمە وەکوو \"ناسیۆنالیستی توندڕەو\" ناویان دەبەین لە چەندین حاڵەتیشدا جوێنیان بە منیش داوە، پێم دەڵێن: \"ئێوە سیمایەکی دواکەوتوو و ناشیرین لە خەڵكی کورد پیشان ئەدەن، چونکە ئەمە کردەوەیەکی دواکەوتانە و ناشیرینە و ئەم کردەوە قێزەونە لە کوردستان بوونی نییە\". بەڵام من دەڵێم؛ ئەمە وەحشیگەرییە و لە بنەڕەتدا کوشتنی هەستی سێکسیی لە ژناندا شێوەیەک لە شیوەکانی کوشتنی ژنانە و ئەم وەحشیگەرییە وەکوو کوشتنی لەژێر ناوی نامووس، خۆسووتاندنی ژنان و زیندنای کردنیان بونوی هەیە و ئەمەش توندوتیژی دژی ژنانە. تەنانەت لە زۆر پەیامدا کە لە فەیسبووکەوە بۆ منیان ناردووە، پێیان راگەیاندووم کە بۆت نییە ئەم مەسەلەیە لە کوردستاندا قووڵ بکەیتەوە. من ئەم مەسەلەیەم قووڵ نەکردۆتەوە و ناشڵێم لەسەدا ٧٠ هەتا ٨٠ی خەڵکی ئێمە تووشی ئەم دیاردەیە بوونە بەڵکوو من دەڵێم؛ وەکوو دیاردەیەکی توندو تیژ و بڕینی ئەندامی مێینەی ژنان هەتا ئێستاش بوونی هەیە و ئەمەش یەکیک لە بەربەستەکانی ئێمەیە، هەروەها زۆرێک لە داکۆکیکارانی مافی ژنان ئامادە نین لە بواری کۆمەڵایەتییەوە بەو شێوەیە مەسەلەکە بخەنەڕوو، و هەتا ئەو کاتەی بەم شێوەیە چاو لە مەسەلەکە بکەین ئەمە بۆ خۆی بەربەست دەبێت. بەڵام بۆ داهاتوو گەشبینم، چونکە دەبینم کە خۆم ٨ هەتا ١٠ ساڵێک لەمەو بەر کە دەترسام باس لەم مەسەلەیە بکەم، ئێستاکە زۆر بە ئاسانی و تەنانەت ئەگەر بانگهێشطی ناوەندێکی ئەمنیەتیش بکرێم، لەسەر ئەم مەسەلەە قسە بکەم، چونکە ئەم مەسەلەیە نە هەڕەشە لە ئاسایشی نەتەوەیی دەکات و نە بە دژی ئایەتی قورئان و یاسای بنەڕەتیی ئێرانیشە.

وەکوو دوایین قسە، تەنیا خەتەنە ئازار و دەردی ژنان نییە و سەرەڕای ئەو هەموو توندوتیژییانەی کە بەرەوڕوی ژنان دەبنەوە، کچانی ئێمە لە خوێندن بێبەرێ دەکرێن، لە تەمەنی کەمدا بە شوو ئەدرێن، لە تەمەنی کەمدا منداڵە بەر دەبن و ئەمەش ئەو چەند پرسەی دیکەیە کە لە ئیستادا کاریان لەسەر دەکەین. هیوادارم بتوانم رۆژێک لەم بارەیەوە ئەو شتەی کە لە دڵمدایە بیخەمەڕوو، هەروەها ئەوەشی کە دەرد و بێبەشیی ژنانی کورد ئێجگار زۆرە.

ئا: کۆچ